ئەردۆغان: دەمانەوێت گەلەکەمان لە دەستووری کودەتا رزگار بکەین

21 کاژێر له‌مه‌وپێش
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، گۆڕینی دەستووری تورکیا "ئەرکە"و دەیانەوێت تورکیا لە "دەستووری کودەتا" رزگار بکەن.
 
رۆژی چوارشەممە 18ـی ئەیلوولی 2024، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لە ئەنقەرە بەشداری لە رێوڕەسمێکی تایبەت بە "خەڵاتەکانی باشترین بەڵێندەرانی دەرەوەی وڵات"دا، کرد و گوتارێکی پێشکێش کرد.
 
سەرۆککۆماری تورکیا باسی لە هەموارکردنەوەی دەستوور کرد و گوتی: "نووسینەوەی دەستوورێکی مەدەنی کە سەرچاوەکەی بە تەواوی هەڵقوڵاوی ناخی ئەو کەسانە بێت کە سینگیان کردە قەڵخان لە شەوی 15ی تەممووز، قەرزە لەسەرمان."
 
سەبارەت بە هەموارکردنەوەی چوار بڕگە سەرەکییەکەی دەستووری تورکیا، کە زەکەریا یاپیجیئۆغڵو، سەرۆکی هوداپار داوای کردبوو. ئەردۆغان گوتی: "لە روانگەی ئێمەوە چوار مادەی یەکەمی دەستوور هیچ ناکۆکییەکی نییە. هاوپەیمانیی جمهوور کێشەیەکی لەو چەشنەی نییە". ئەردۆغان گوتیشی: "دەمانەوێت گەلەکەمان لە دەستووری کودەتا رزگار بکەین". 
 
قسەکانی زەکەریا یاپیجیئۆغڵو، بۆ هەمواری چوار مادەی یەکەمی دەستوور کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێناوە، ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە گوتی: "من هیچم نییە بە هودا پار بڵێم؛ ناتوانیت لە میکرۆب بپرسیت بۆچی دەبێتە هۆی نەخۆشی! میکرۆب میکرۆبە، بەڵام ئەوانەی دەڵێن ناسیۆنالیست و نەریتخوازین، بە تایبەت کاک تەیب، لە قۆڵی راستی هوداپار و لە قۆڵەکەی دیکەی دەوڵەت باخچەلی هەیە. لە دەوڵەت باخچەلی دەپرسم، تۆ چی دەڵێیت بەم هوداپارە کاک دەوڵەت؟ کێ لەگەڵ کێیە!"
 
موساوات دەرویشئۆغڵو، سەرۆکی ئیی پارتیش لەمبارەیەوە گوتی: "لەپێناو مانەوە لە دەسەڵات هەموو سازشێک بکەیت، ئەمەی لێدەکەوێتەوە. ئەگەر لە مەڵازگرت دەستی کابرا بەرز بکەیتەوە، ئەویش دێت لە ئەنقەرە پەنجە دەخاتە نێو چاوت. ئەوەی پێویستمانە دەستوورێکی نوێ نییە، بەڵکو دەسەڵاتێكی نوێیە." 
 
ئەو چوار مادەیەی لە هەموارەکانی دەستووری تورکیا تائێستا هێڵی سوورن، ئەمانەن:
 
مادەی یەکەم: پێکهاتەی دەوڵەتی تورکیا کۆمارییە. 
مادەی دووەم: کۆماری تورکیا؛ لەسەر بنەما سەرەکییەکانی ئارامی کۆمەڵگە، هاودەنگی و کۆکبوونی نیشتمانی، هەستکردن بە دادپەروەری، رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ، دڵسۆزی و وابەستەیی بۆ بنەماکانی نیشتمانپەروەریی ئەتاتورک؛ دەوڵەتێکی دیموکراسی، سیکۆلار، سۆسیال و یاساسالارە.
مادەی سێیەم: دەوڵەتی تورکیا بە خاک و میللـەتییەوە یەکپارچەی نەبڕاوەیە، زمانەکەی تورکییە، ئاڵاکەی وەک لە ستایلەکەیدا هاتووە مانگ و ئەستێرەی سپییە باگراوندەکەی رەنگی سوورە. سروودی نیشتمانی "سروودی سەربەخۆییە" و پایتەخی ئەنقەرەیە.
مادەی چوارەم: مادەی یەکەم و دووەم و سێیەم بەهیچ شێوەیەک هەموار و دەستکاری ناکرێن و تەنانەت پێشنیازی هەموار و دەستکاریکردنیشی ناکرێت. 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە