رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان-دەم پارتی دەڵێت، هیچ کۆبوونەوەیەکیان لەبارەی دەستووری نوێ نەکردووە و رەتیکردەوە هیچ پێشنیازێکیان لەبارەی دەستوورەوە بە سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا دابێت.
هەموارکردنەوەی دەستووری تورکیا ماوەیەکە بووەتە رۆژەڤ. بەشێک لە میدیاکانی تورکیا بڵاویان کردووەتەوە، کە دەم پارتی لەگەڵ نوعمان کورتوڵموش سەرۆکی پەرلەمان کۆبوونەوەی هەبووە و چەندین پێشنیازێکی لەبارەی هەموارکردنەوەی دەستوور خستووەتەڕوو.
رۆژی پێنجشەممە، 19ـی ئەیلوول عایشەگول دۆغان، گوتەبێژی دەم پارتی، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە سۆشیاڵ میدیا ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە و رایگەیاند، وەک دەم پارتی هیچ کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ نوعمان کورتوڵموش سەرۆکی پەرلەمان سەبارەت بە دەستووری نوێ نەبووە و هیچ پێشنیازێکیان لەسەر دەستوور و رەشنووسەکەی نەکردووە.
عایشەگول دۆغان نووسیویەتی: "دەم پارتی لە چوارچێوەی خۆیدا بەردەوامە لە کارەکانی لەسەر هەماهەنگی دەستوور. ئێمە هۆکاری هەندێک لەو هەواڵانە دەزانین کە بە مەبەست لە دەرەوەی ئۆرگانە پەیوەندیدار و رێگەپێدراوەکانمان بڵاودەکرێنەوە. ئەم یارییە دەبینین. ئەم هەواڵانە کە پەیوەندییان بە حیزبەکەمانەوە نییە، نابێت لەبەرچاو بگیرێ".
دەستووری ئێستای تورکیا لە ساڵی 1982 دوای کودەتا سەربازییەکەی 12ـی ئەیلوولی 1980 ئامادەکراوە. هەر بۆیەش ئاکپارتی دەیەوێت ئەو دەستوورە بگۆڕێت.
تائێستا لایەنە سیاسییەکان لەسەر مێزی دانوستاندن بۆ دەستووری نوێ دانەنیشتوون، بەڵام لە یەکی ئۆکتۆبەرەوە دانیشتنەکانی پەرلەمان دەستپێدەکات. پێشبینی دەکرێت "دەستوری نوێ" یەکێک بێت لە تەوەرە هەرە گرنگ و گەرمەکانی کارنامەی سیاسیی تورکیا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ