رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە دەڵێت، سەرۆککۆماری تورکیا لەڕێگەی داخستنی هەدەپەوە "بە شێوەیەکی نایاسایی"، دەیەوێت لە هەڵبژاردنی داهاتووی وڵاتەکەیدا سەرکەوتن بەدەستبهێنێت.
پارتی دیموکراتی گەلان - هەدەپە، سێیەمین پارتی گەورەی ناو پەرلەمانی تورکیایە و ماوەی چەند ساڵێکە لەژێر گوشارێکی زۆردایە، ئەوەش بە تۆمەتی بوونی پەیوەندی لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە.
لە ماوەی ئەم چەند ساڵەی رابردوودا دەیان پەرلەمانتار و بەرپرسی باڵای هەدەپە بە تۆمەتی "تیرۆر" و چەند تۆمەتێکی دیکە دەستگیرکراون و زیندانیکراون. بەرپرسانی هەدەپە تۆمەتەکان رەتدەکەنەوە و بەشێک لە چالاکوانانیش دەڵێن، ئەوەی لە تورکیا روودەدات مەبەستێکی سیاسیی لەپشتەوەیە.
سەڵاحەدین دەمیرتاش لە ساڵی 2016وە لە زینداندایە، سەرەڕای ئەوەی "دادگەی مافی مرۆڤی ئەوروپا" داوای ئازادکردنی کردووە.
ئێستاش پارتەکەی سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە گوشارێکی زۆری لەسەرە و ئەگەری داخستنی دوور نییە، ئەوەش دوای ئەوەی رۆژی چوارشەممەی رابردوو دادگەی باڵای تورکیا تۆمەتنامەی بوونی پەیوەندیی هەدەپەی لەگەڵ پەکەکە رادەستی دادگەی دەستووریی وڵاتەکە کرد.
دەمیرتاش لەوبارەیەوە بە ئاژانسی هەواڵیی فرانس پرێسی راگەیاند، سەرەکیترین هۆکار کە وادەکات دەسەڵاتدارانی تورکیا "هەوڵبدەن هەدەپە دابخەن، ئەوەیە کە رێگەبدەن هاوپەیمانیی جمهوور لە هەڵبژاردنی داهاتوودا سەرکەوتن بەدەستبهێنێت".
هاوپەیمانیی جمهوور بریتییە لەو هاوپەیمانییەی کە لەنێوان پارتی داد و گەشەپێدان - ئاک پارتی بە سەرۆکایەتیی رەجەب تەیب ئەردۆغان و پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی - مەهەپە بە سەرۆکایەتیی دەوڵەت باخچەلی هەیە. راپرسییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، پێگەی جەماوەریی ئەو هاوپەیمانییە لە لاوازبووندایە.
دەمیرتاش دەڵێت، ئەو تۆمەتەی دراوەتە پاڵ هەدەپە بەس نین بۆئەوەی قەدەخە بکرێت و "ئومێدەوارم دادگەی دەستووری پاڵپشتیی ئەو مامەڵە نالۆژیکییە نەکات و کەیسەکە رەتبکاتەوە".
"دیموکراسییەکی کرچ و کاڵ"
ژمارەیەکی زۆر لە وڵاتانی رۆژئاوا سەرکۆنەی هەوڵەکانی تایبەت بە داخستنی هەدەپەیان کردووە.
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەڵێت، کارێکی لەو جۆرە دیموکراسیی تورکیا لاوازدەکات و یەکێتیی ئەوروپاش هۆشداریی داوە کە ئەو کارە "پێشێلکاریی مافی ملیۆنان دەنگدەرە".
دەمیرتاش ئاماژە بەوە دەکات، ئەوەی بەرامبەر پارتەکەی دەکرێت هێمای "کرچ و کاڵیی دیموکراسیی تورکیا و عەقڵیەتی سەرکوتکاری"ی وڵاتە.
هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە ئەوەی خستووەتەڕوو "گرنگ نییە چەند بەربەست لەبەردەممان دادەنرێن؛ سیاسەتی ئێمە گەشە دەکات. تەنیا شتێک کە من لێی دڵنیام، ئەوەیە کە دەستبەرداری سیاسەتە دیموکراسییەکەمان و بەڕێوەبردنی دیموکراسی نابین".
بەڵام دەمیرتاش ئاماژەی بەوەش کردووە، پێویستە هەدەپە چاو بە کەموکورتییەکانیدا بخشێنێتەوە، ئەوەش لەڕێگەی "رەخنەگرتن لە خۆی. دەبێت باشتر خۆمان بۆ کۆمەڵگە روون بکەینەوە. دەبێت ئەو کارە بکەین، بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئایا پارتەکەمان دادەخرێت یاخود نا".
"بەردەوامیدان بە هەوڵ و تێکۆشان"
دەکرێت دەمیرتاش سزایەکی بەسەردا بسەپێندرێت کە تاوەکو 142 ساڵ زیندانیکردن بڕوات، ئەگەر هاتوو بە تاوانبار ناسێندرا لەو کەیسەی کە گوایە پەیوەندیی بە پەکەکەوە هەبووە.
لە هەمانکاتدا، ئەگەر دادگەی دەستووری بڕیاربدات هەدەپە دابخات، ئەوکاتە دەکرێت رێگە نەدرێت نزیکەی 680 ئەندامی ئەو پارتە بۆ ماوەی پێنج ساڵ هیچ چالاکییەکی سیاسییان هەبێت.
بەشێک لە بەرپرسانی هەدەپە دەڵێن، ئامانجی ئەم هەنگاوەی ئێستا لە تورکیا ئەوەیە، رێگە نەدرێت کەسانی دیاری هەدەپە پارتێکی نوێ لەژێر ناوێکی دیکە دابمەزرێنن، ئەگەر هاتوو پارتەکەی ئێستایان قەدەخەکرا.
ئەوەی کە پەیوەندیی بە دەمیرتاشەوە هەیە، ئەو سیاسەتڤانە کوردە دەڵێت، ئەو هەر ئێستاش کار و چالاکیی سیاسیی بەشێوەیەکی دیفاکتۆیی لێ قەدەخەکراوە.
دەمیرتاش باسی لەوەش کردووە "تەنانەت ئەگەر ئەندامی هیچ پارتێکی سیاسی نەبم یان بەربژێریش نەبم، شانبەشانی گەلەکەم خەبات دەکەم و دەجەنگم".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ