رووداو دیجیتاڵ
لە هەڤپەیڤینێکی تەلەڤزیۆنیدا سلێمان سۆیڵو، وەزیری ناوخۆی تورکیا لەبارەی مشتومڕەکانی ئۆپەراسیۆنەکانی چیای گارە ناوی ئەو پەرلەمانتارەی هەدەپە ئاشکراکرد کە سەردانی گەریلاکانی پەکەکە کردبوو لە چیای گارە، رایگەیاند، "دیرایەت دیلان تاشدەمیر سەردانی گارەی کردووە".
داواکاری گشتیی کۆماریی لە ئەنقەرە، لەسەر بنەماکانی زانیارییەکانی وەزیری ناوخۆی تورکیا دۆسیەی لێکۆڵینەوەی کردەوە و تۆمەتنامەی ئامادەکردووە. دوای کۆکردنەوە و راییکردنی دۆسیەی یاسایی، لێپێچینەوە لەو پەرلەمانتارەی هەدەپە دەکرێت و لە چوارچێوەی یاسای سزاکانی تورکیا و یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر وەزارەتی داد دۆسیەکەی دەنێرێت بۆ پەرلەمان بۆ ئەوەی پارێزبەندی لەسەر هەڵبگیرێت.
دیرایەت دیلان تاشدەمیر، پەرلەمانتاری هەدەپە لە بازنەی ئاگری، لە تویتەر، وەڵامی وەزیری ناوخۆی تورکیای دایەوە و رایگەیاند: "وەزیری ناوخۆی ئەم وڵاتە گوایە کەسێک پێی راگەیاندووە بەبێ ئاشکراکردنی ناوەکەی، چووبێتمە گارە و لەگەڵ گەریلا کۆبوومەتەوە. ئەمە درۆیەکی شاخدارە و دوورە لە راستی و چەواشەکارییە".
رۆژی سێشەممەی رابردوو، 16ی شوباتی 2021، وەزیری ناوخۆی تورکیا بۆ روونکردنەوە لەبارەی نێوەڕۆکی ئۆپەراسیۆنی چیای گارە کە بە کوژرانی 13 دیلی تورکیا کۆتاییهات لە پەرلەمانی تورکیا گوتارێکی پێشکەشکرد. لەنێو گوتارەکەیدا رایگەیاند، پەرلەمانتارێکی هەدەپە لەم خولەی ئێستا، ماوەیەک بەر لە ئۆپەراسیۆنەکە، سەردانی چیای گارە کردووە و لەگەڵ گەریلاکان کۆبووەتەوە.
دوای ئۆپەراسیۆنی گارە و لەگەڵ نزیکبوونەوەی ساڵڕۆژی دەستگیرکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە رێکارەکانی رێگری کردن لە خۆپێشاندان تووندکراونەتەوە، ئەمڕۆ پارێزگاری مێردین هەموو جۆرە چالاکییەکی وەک خۆپێشاندان، رێپێوان، لێدوانی رۆژنامەڤانی، گردبوونهوه، خێوهت ههڵدان و سهكۆ دانان لە پارێزگەکەدا بۆ ماوەی 15 رۆژ قەدەخەکرد و هۆکارەکەی بۆ "پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە" گەڕاندەوە، دوای ئەوەی لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بانگهێشتی گردبوونەوە و خۆپێشاندانی ناڕەزایی کرا بۆ کۆتاییهێنان بە گۆشەگیرکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە.
نزیکەی هەفتەیەک پێش ئێستا هێزە ئەمنییەکانی تورکیا لەسەر راسپاردەی داواکاری گشتیی مێردین ئۆپەراسیۆنێکیان ئەنجامدا و بە تۆمەتی ئەندامێتی و هاوکاریکردنی پەکەکە 28 ئەندام و لایەنگری هەدەپەیان دەستبەسەرکرد.
هەروەها بەگوێرەی راگەیێنراوێک کە لەلایەن پارێزگای شرناخ بڵاوکراوەتەوە، هێزە ئەمنییەکانی شرناخ رۆژی 15ـی شووباتی 2021 لە ئۆپەراسیۆنێکدا 22 کەسیان دەستبەسەرکردوو کە گوایە ئەندامی رێکخستنی لاوانی پەکەکە بوون لەو پارێزگایەدا و گومانیان لێکراوە لە رۆژی 15ـی شووباتدا لە ساڵڕۆژی گرتنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان چالاکی بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ