رووداو دیجیتاڵ
دادگەی تاوانەکانی ئامەد بە تۆمەتی سووکایەتیکردن بە سەرۆککۆماری تورکیا، سزای زیندانیکردنی بەسەر پەرلەمانتارێکی پێشووی هەدەپەدا سەپاند.
لە نۆیەمین دادگەی تاوانەکانی ئامەد ئەمڕۆ (چوارشەممە، 27ـی ئەیلوولی 2023) دانیشتنی دادگە لە دۆسیەی سەلما ئرماک، پەرلەمانتاری پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە بازنەی جۆلەمێرگ بەڕێوەچوو.
سەلما ئرماک کە ئێستا لە زیندانە، ئامادەی دانیشتنەکە نەبوو، بەڵام پارێزەرەکەی راجی بیلیجی ئامادەبوو و داواکاری گشتی، جارێکی دیکە داوای سزادانی ئرماکی کرد.
دادگەی ئامەد بە تۆمەتی "سووکایەتیکردن بە سەرۆککۆمار''، هەروەها ''سووکایەتیکردنی ئاشکرا بە حکومەت" سزای چوار ساڵ و دوو مانگ زیندانیکردنی بەسەر سەلما ئرماکدا سەپاند.
راجی بیلیجی، پارێزەری سەلما ئرماک داوای کاتێکی زیاتری کرد و، گوتی "دەبێت لێدوانەکانی بریکارەکەم لە چوارچێوەی ئازادیی رادەربڕین هەڵسەنگێندرێن. ئەو لە کاتێکدا قسەی کردووە، کە پەرلەمانتار بووە و پارێزبەندیی یاسایی هەبوو، بەڵام بەشێوەیەکی نایاسایی پارێزبەندی لەسەر لابراوە."
سەلما ئرماک لەدایکبووی مێردینی باکووری کوردستانە و یەکێکە لەو 12 پەرلەمانتارەی پێشووی هەدەپە، کە رۆژی چواری تشرینی دووەمی 2016 لەگەڵ سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ، هاوسەرۆکانی پێشووی ئەو پارتە دەستگیرکرا و تائێستا لە زیندانە.
لە 20ـی مایسی 2016، دوای ئەوەی بە دەنگی فراکسیۆنی ئاکپارتی و مەهەپە و بەشێک لە پەرلەمانتارانی جەهەپە ماددەی 83ـی دەستووری تورکیا هەمووار کرا کە تایبەتە بە لابردنی پارێزبەندی پەرلەمانتاران، لە ئاکپارتی 29، مەهەپە 10، جەهەپە 55 و لە هەدەپەش 53 پەرلەمانتار لەگەڵ پەرلەمانتارێکی سەربەخۆ پارێزبەندییان لەسەر هەڵگیرا.
لەو 148 پەرلەمانتارانەی پارێزبەندییان لەسەر هەڵگیرا، تەنیا مافی پەرلەمانتاریێتی لە پەرلەمانتارانی هەدەپە وەرگیرایەوە. 9 پەرلەمانتاری هەدەپە کە سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ هاوسەرۆکانی پێشووی پارتەکەشیان لەنێودابوو، خرانە زیندانەوە. 11 پەرلەمانتاری دیکەی هەدەپەش بەهۆی دەوامنەکردن و ئەو بڕیارانەی پێشتر بۆ زیندانیکردنیان لەلایەن دادگاوە درابوون، مافی پەرلەمانتاریێتیان لێ سەندرایەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ