رووداو دیجیتاڵ
هێزە ئەمنییەکانی تورکیا لە پارێزگای ئیزمیر، هەڵیانکوتایە سەر چەند بارەگایەکی پارتی دیموکراتی گەلان - هەدەپە، هاوسەرۆکانی رێکخستنەکانی هەدەپە لە ئیزمیر و چەند کەسێکی دیکەیان دەستگیرکرد.
رۆژی هەینی، 6ـی تشرینی یەکەمی 2023، تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئاسایشی ئیزمیر، ئۆپەراسیۆنێکیان بۆ دەستگیرکردنی سێ کەس دەستپێکرد.
لە ئۆپەراسیۆنەکەدا هەریەکە لە بەرنا چەلیک و چنار ئاڵتان، هاوسەرۆکانی رێکخستنەکانی هەدەپەی شاری ئیزمیر و هاوسەرۆکی هەدەپەی شارۆچكەی بوجا دەستگیرکران.
ئەو سێ بەرپرسەی هەدەپە بۆ وەرگرتنی گوتە لێیان، گوازراونەتەوە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی ئیزمیر.
دوای هێرشەکەی رۆژی یەکشەممەی رابردوو بۆ سەر بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی تورکیا لە ئەنقەرە، کە پەکەکە لە ئەستۆی گرت، لە ناوخۆی تورکیا چەندین کەس بە تۆمەتی ئەندامێتی و لایەنگری بۆ پەکەکە دەستگیرکراون، کە زۆربەیان ئەندام و لایەنگری هەدەپەن.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە 11 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان 75 کەس دەستگیران، بەمەش ژمارەی ئەوانەی لە ماوەی پێنج رۆژدا لە سەرتاسەری باکووری کوردستان و تورکیا دەستگیرکراون، گەیشتە 211 کەس.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ