رووداو دیجیتاڵ
رۆژی دووشەممە سەندیکای سەرجەم خانەنشینانی ساڵی 2021، داوایان کرد بەپێی هەڵاوسانی راستەقینە مووچەی خانەنشینان زیاد بکرێت.
خانەنشینێک دەڵێت، "چەندین ساڵ کارمان کرد و باج و پارەی بیمەمان دا. مافی ئەوەمان بەدەستهێنا کە تاوەکو کۆتایی تەمەنمان مرۆڤانە بژین. هەربۆیە داواکارییەکانمان جارێکی دیکە رادەگەیێنین. مووچەی سەرجەم خانەنشینان، پارەی مانگانەی بێوەژن و هەتیوەکان بەپێی هەڵاوسانی راستەقینە دەستبەجێ زیاد بکرێت."
لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا خەرجیی پێویست بۆ خۆراکی تەندروست و هاوسەنگ بۆ خێزانێکی چوار کەسی لە تورکیا 10 هەزار و 72 لیرە بوو؛ لە کاتێکدا سنووری برسێتی 10 هەزار لیرەی تێپەڕاند و هێڵی هەژاریش گەیشتە 35 هەزار لیرە.
سەلمان هورکارداش، سەرۆکی سەندیکای سەرجەم خانەنشینانی 2021 دەڵێت، "جارێكی دیکە داوا لە دەسەڵاتی سیاسی دەکەین. خانەنشینان برسین، کرێکاران، کۆڵبەران، دووکانداران، هەموو گەلەکەمان برسی و پەرێشانن. ئەمڕۆ نزیکەی 66 بۆ 70 ملیۆن کەس لەم وڵاتەدا لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین. ئەمڕۆ سنووری برسێتی گەیشتووەتە 13 - 14 هەزار لیرە. دەبێت کەمترین بڕە مووچە بەلایەنی کەمەوە 15 هەزار لیرە بێت."
لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوودا، بە لەبەرچاوگرتنی هەڵاوسان، مووچەی خانەنشینان، بە رێژەی 30% زیاد کرا.
دوای ئەم زیادکردنە، کەمترین مووچەی خانەنشینی بۆ 5500 لیرە بەرزبووەوە، بەڵام دواتر کەمترین مووچەی خانەنشینی بۆ 7500 لیرە بەرز کرایەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ