لە نەورۆزی ئیستەنبووڵ و مێردین 259 کەس دەستبەسەر کران

20-03-2023
هەوار ئیسماعیل
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 


پارێزگاری ئیستەنبووڵ دەڵێت، لە میتینگی نەورۆزی ئەمساڵی پارێزگاکەدا کە لە گۆڕەپانی یەنیکاپی بەڕێوەچوو، 224 کەس دەستبەسەرکراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵیان دەکرێت. هاوکات لە شارۆچکەی قۆسەریش 35 کەس دەستبەسەر کران.

پارێزگاری ئیستەنبووڵ لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە میتینگی نەورۆزی ئەمساڵدا کە لەلایەن رێکخستنەکانی هەدەپەی ئیستەنبووڵەوە لە گۆڕەپانی یەنیکاپی لە ناوچەی فاتیح رێکخرا، هێزە ئەمنییەکانمان 224 کەسیان دەستبەسەرکرد کە "هەوڵیان دەدا لافیتەی نایاسایی ببەنە نێو گۆڕەپانەکە و دروشمی نایاساییان دەگوتەوە."

هەر لەو بارەوە سەرحەد ئەرەن، گوتەبێژی دەستەی یاسا و مافەکانی مرۆڤی هەدەپە رایگەیاند، دوای میتنگەکەی ئیستەنبووڵ رێپێوانێکی جەماوەری هەبووە و لەوێ 240 کەس لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون. 

لە شارۆچکەی قۆسەری سەربە پارێزگای مێردینی باکووری کوردستانیش 35 کەس دەستبەسەرکران. 

بەگوێرەی میدیاکانی تورکیا، دوای کۆتاییهاتنی میتینگی شارۆچکەی قۆسەری پارێزگای مێردین، رێپێوانێکی جەماوەری هەبووە و پۆلیس 35 کەسی دەستبەسەرکردوون. 

دەستبەسەرکراوەکان براون بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پۆلیسی شارۆچکەی قۆسەر و چاوەڕوان دەکرێ دوای وەرگرتنی گوتە لێیان، ئازاد بکرێن.

لە چوارچێوەی بەرنامەی نەورۆزی ئەمساڵ کە لەلایەن پارتی دیموکراتی گەلان - هەدەپە، کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکراسی - دەتەکە، پارتی هەرێمە دیموکراتەکان - دەبەپە و تەڤگەری ژنانی ئازاد - تەژا  راگەیێندراوە رۆژی یەکشەممە 19ی ئاداری 2023 میتینگی نەورۆز لە چەندین ناوچەی باکووری کوردستان و تورکیا بەڕێوەچوو، لە نێویاندا ئیستەنبووڵ. 

هەمان رۆژ لە بورسا، ئەرگەنە لە تەکیرداغ، گەبزە لە کۆجائەلی، ئایڤاڵک لە باڵکئەسیر، ئیزمیر، مانیسا، ئایدن، دەنیزلی، موغڵا، مێرسین، ئانتاڵیا، ئەنقەرە، سێرت، ئێلیهـ ، شارۆچکەی قۆسەر لە مێردین، وان و چەندین شاری دیکە ئاهەنگی نەورۆز بەڕێوەچوو.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە