رووداو دیجیتاڵ
دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا بڕیاری لەبارەی ئەو وەزیرانە دا کە خۆیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا بەربژێر کردووە و رایگەیاند پێویست ناکات دەست لەکار بکێشنەوە.
بڕیارەکەی دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە 19-4-2023 لە میدیای تورکیادا بڵاوکرایەوە. ئەمەش لەکاتێکدا بوو کە باس لەوە دەکرا وەزیرانی تورکیا پێویستە دەست لەکار بکێشنەوە، ئینجا بانگەشە بۆ خۆیان بکەن.
دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنی تورکیا جەختیکردووەتەوە کە وەزیرانی کابینەی کۆماریی تورکیا بە شێوازێکی جیا دامەزراون و لە نێو پەرلەماندا سوێندیان خواردووە. بەڵام وردەکاریی زیاتر لەمبارەیەوە نەدراوە.
بەبڕیاری رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی ئاکپارتی و سەرۆککۆماری تورکیا لە کۆی 17 وەزیری وڵاتەکە 15ـیان خۆیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان بەربژێر کردووە و بەسەر بازنە جیاوازەکانی هەڵبژاردندا دابەشکران. هەروەها فوئاد ئۆکتای یاریدەدەری سەرۆککۆماریش بەربژێر کراوە.
دوای ئەوەی رەجەب تەیب ئەردۆغان بڕیارەکەی دەرکرد و چەند جارێک جەختی لەسەر کردەوە، تەواوی وەزیرەکانی تورکیا دەستیان بە ئامادەکاری کرد. لە کۆی 17 وەزیری تورکیا تەنیا دوو لەو وەزیرانە بەربژێر نەکران. ئەوانیش فەخرەدین کۆجا، وەزیری تەندروستی و محەممەد نووری ئەرسۆی، وەزیری کولتوور و گەشتیاری بوون، کە نەخرانە لیستی بەربژێرانەوە.
بەگوێرەی رۆژژمێری هەڵبژاردن، رۆژی 14ی ئایاری 2023 هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و پەرلەمانیی تورکیا دەکرێت. 36 پارتی سیاسیی مافی بەشداریکردنیان لەو هەڵبژاردنانەدا هەیە.
لەو هەڵبژاردنەدا 64 ملیۆن و 191 هەزار و 285 کەس مافی دەنگدانیان هەیە؛ 60 ملیۆن و 904 هەزار و 499 دەنگدەر لەناوخۆی تورکیا و 3 ملیۆن و 286 هەزار و 786 دەنگدەریش دەتوانن لە دەرەوە دەنگ بدەن.
لیستی بەربژێرانی کابینەی کۆماریی تورکیا
فوئاد ئۆکتای، یاریدەدەری سەرۆککۆمار
بازنەی سێی ئەنقەرە
بەکر بۆزداغ، وەزیری داد
بازنەی یەکی رووها
دەریا یانیک، وەزیری خێزان و خزمەتگوزاریی کۆمەڵایەتی
بازنەی یەکی عوسمانیە
فاتیح دۆنمەز، وەزیری وزە و سامانە سرووشتییەکان
بازنەی یەکی ئێسکیشەهیر
خولوسی ئاکار، وەزیری بەرگریی تورکیا
بازنەی یەکی کایسەری
مورات کوڕوم، وەزیری ژینگە و شارسازی و گۆڕانی کەشوهەوا
بازنەی یەکی ئیستەنبووڵ
مەحموود ئۆزەر، وەزیری پەروەردە
بازنەی یەکی ئۆردو
مەحموود موحەڕەم کاساپئۆغڵو، وەزیری وەرزش و لاوان
بازنەی یەکی ئیستەنبووڵ
مەولود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوە
بازنەی یەکی ئەنتالیا
محەممەد مووش، وەزیری بازرگانی
بازنەی یەکی سامسوون
مستەفا ڤارانک، وەزیری پیشەسازی و تەکنەلۆجی
بازنەی دووەمی بورسە
نورەدین نەباتی، وەزیری گەنجینە و دارایی
بازنەی یەکی مێرسین
سولەیمان سۆیڵو، وەزیری نێوخۆ
بازنەی دووەمی ئیستەنبووڵ
عادل کارائیسماعیلئۆغڵو، وەزیری گواستنەوە و ژێرخان
بازنەی یەکی ترابزۆن
ڤاهیت کیریشچی، وەزیری کشتوکاڵ و دارستان
بازنەی یەکی مەرەش
ڤێدات بیلگین، وەزیری کار و سەلامەتیی کۆمەڵایەتی
بازنەی دووی ئەنقەرە
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ