رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای گوموشهانەی تورکیا لە ماوەی چوار کاژێردا 17 بوومەلەرزە روویاندا؛ گەورەترینیان گوڕەکەی 4.3 پلەی رێختەر بوو.
بەگوێرەی راگهیێندراوێكی سەرۆکایەتیی کارەساتی لەناکاو و فریاگوزاریی تورکیا - ئافاد، کاژێر 01:15 خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 18ـی کانوونی یەکەمی 2023 بومەلەرزەیەک بە گوڕی 4.3 پلەی رێختەر لە پارێزگای گوموشهانە روویدا.
شارۆچكەی کەلکیت چەقی بوومەلەرزەکە بووە و لە قووڵایی 15.03 کیلۆمەتر تۆمارکراوە و لە پارێزگاکانی بایبورت و ترابزۆن هەستی پێکرا.
دوای بوومەلەرزەکە ئەو خوێندکارانەی لە بەشە ناوخۆیییەکانی گوموشهانە دەمانەوە، بەشە ناوخۆییەکانیان چۆڵکرد.
بە گوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان بوومەلەرزەکە زیانی گیانی و مادی نەبووە.
ئالپەر تانریسەڤەر، پارێزگاری گوموشهانە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، "تائێستا هیچ هەواڵێکیان لەبارەی زیانی بوومەلەرزەکە بەدەست نەگەیشتووە و تیمەکانی ئافاد بەردەوامن لە کارکردن بۆ دەستنیشانکردنی هەر زیانێک کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە روویدابێت."
بێجگە لە پارێزگای گوموشهانە، لە دەریای مارمارا لە سنووری پارێزگای یاڵۆڤا ـش بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 4.1 پلەی رێختەر روویدا.
بەگوێرەی راگهیێندراوێكی ئافاد، بوومەلەرزەکەی پارێزگای یاڵۆڤا کاژێر 23:53 خولەکی درەنگانی شەوی 17ـی کانوونی یەکەم روویداوە، شارۆچکەی چنارجک چەقی بوومەلەرزەکە بووە و لە قوڵایی 11:18 کیلۆمەتر تۆمارکراوە.
بوومەلەرزەکەی یاڵۆڤا لە پارێزگاکانی ئیستەنبووڵ، کۆجائەلی و بورسا ـی تورکیا هەستیپێکرا. داود گول، پارێزگاری ئیستنەنبووڵ لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، لە پارێزگاکەماندا لە رێگەی هێڵی ئاگادارکردنەوەی 112 هیچ داواکارییەکی فریاکەوتنیان پێنەگەیشتووە و تیمەکانی ئافاد بەردەوامن لە پشکنینەکانیان.
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیاش لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردووەتەوە، "لەبارەی بوومەلەرزە 4.1 پلەییەکی یاڵۆڤا کە لە ئیستەنبووڵ و ناوچەکانی دیکە هەستی پێکراوە، تیمەکانی ئافاد بەردەوامن لە پشکنینەکانیان و لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ پێشهاتەکان دەکەن."
لەدوای بوومەلەرزەکانی 6ـی شوباتی ئەم ساڵ کە بە گوڕەکانی 7.7 و 7.6 لە دوو شارۆچکەی پارێزگای مەڕەش روویاندا و زیانیان بە هەشت پارێزگای باکووری کوردستان، سێ پارێزگای تورکیا و بەشێکی رۆژئاوای کوردستان و سووریا گەیاند، زیاتر لە 10 هەزار بوومەلەرزە و پاشلەرزە لە باکووری کوردستان و تورکیا تۆمارکراون.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، بەهۆی بوومەلەرزەکانی شوباتەوە 50 هەزار و 500 کەس لە باکووری کوردستان و تورکیا و 6 هەزار کەس لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا گیانیان لەدەستدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ