هەدەپە لە دژی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای تورکیا کۆبوونەوەی جەماوەریی رێکدەخات

18-12-2022
هێمن عەساف
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

رۆژی 17ی کانوونی یەکەمی 2022، ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی گەلان - هەدەپە کۆبووەوە و بڕیاریدا لە دژی گۆشەگیری و رێگریکردن لە دڵنیابوونەوەی لە دۆخی تەندروستیی عەبدوڵڵا ئۆجەلان و ئۆپەراسیۆنی سەربازیی سوپای تورکیا لە باشوور و رۆژئاڤای کوردستان کۆبوونەوەی جەماوەریی رێکبخات. 
 
ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی هەدەپە رایگەیاندووە، رۆژی سێشەممە 20ی کانوونی یەکەمی 2022، لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی هەدەپەدا، ئەنجامدانی کۆبوونەوەی جەماوەریی لە دژی ئۆپەراسیۆنە بەردەوامەکانی سوپای تورکیا لە باشوور و رۆژئاوای کوردستان رادەگەیێنن. 
 
بەگوێرەی زانیارییەکان، رۆژی 24ی مانگ کۆبوونەوەیەکی جەماوەریی فراوان لە پارێزگای ئادانا لەلایەن پەروین بوڵدان و رۆژی 25ی مانگ کۆبوونەوەیەکی دیکەی جەماوەریی فراوان لە پارێزگای ئێلیهـ لە باکووری کوردستان لەلایەن میتحەت سانجار رێکدەخرێت. هەردوو کۆبوونەوەکە تایبەتن بۆ دژایەتیکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی سوپای تورکیا. 
 
هەر لە کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیدا بڕیاردرا شاندێکی هەدەپە بە سەرۆکایەتیی پەروین بوڵدان رۆژی 28ی مانگ سەردانی گوندی رۆبۆسکی سەر بە شارۆچکەی قلەبان لە شرنەخ بکەن. ئامانج سەردانەکە بەشداریکردنە لە رێوڕەسمی 11مین ساڵیادی کۆمەڵکوژیی گوندی رۆبۆسکی کە رۆژی 28ی کانوونی یەکەمی 2011 بەهۆی بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا 34 هاونیشتمانیی گیانیان لەدەستدا. 
 
ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی هەدەپە لەبارەی پرۆژەیاسای هەموارکردنەوەی هەردوو ماددەی 24 و 41ی دەستووری تورکیا بۆ زامنکردنی پرسی باڵاپۆشیی کە لەلایەن فراکسیۆنی ئاکپارتی پێشکێشکرا، هەڵوێستی خۆیان راگەیاند و جەختیانکردەوە کە نابنە بەشێک لەم پرۆژەیاسایە و ئامانجیانە سەرلەنوێ دەستوورێکی دیموکراسی و ئازاد دابڕێژرێت. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە