رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان-دەم پارتی رایگەیاند، رۆژی شەممە، 18ـی ئایار لە شاری ئامەدی باکووری کوردستان و ئیستەنبووڵ و ئادانای تورکیا گردبوونەوەی ناڕەزایی بەرامبەر بڕیارەکانی دادگە لە دۆسیەی رووداوەکانی کۆبانی سازدەدات.
ئایشەگوڵ دۆغان، گوتەبێژی دەم پارتی، ئەمڕۆ هەینی، 17ـی ئایار دوای کۆبوونەوەی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی ناوەندیی پارتەکەی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە ئەنقەرە رایگەیاند: "دەرکەوت کە فەلسەفەی سیاسی حیزبێک دادگایی دەکرێت و بە بڕیارەکانی دۆسیەی کۆبانی تۆڵەی لێکرایەوە."
دۆغان ئاماژەی بەوەدا، تەنیا یەک دەسەڵات هەیە دەمیرتاش و یوکسەکداغ ئازاد بکات، ئەویش رێکخستن و بەرزکردنەوەی داواکاریی دادپەروەری و ئازادییە. لەو چوارچێوەیەدا رایگەیاند، رۆژی 18ـی ئایار لە پارێزگای ئامەد لە کاژێر 16:00، لە پارێزگای ئادانا لە کاژێر 17:00 و لە ناوچەی ئەسەنیورت ـی ئیستەنبووڵ لە کاژێر 17:00 ـدا گربوونەوەی جەماوەری ساز دەدەن و داوای بەشداریکردنی لە خەڵک کرد.
رۆژی پێنجشەممە، 83ـەمین دانیشتنی پرۆسەی دادگاییکردنی 108 تۆمەتبار لە دۆسیەی کۆبانێ، لەلایەن دادگەی سزا قورسەکانی سینجان لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو. لە دانیشتنەکەدا وەک چاوەڕوان دەکرا، دەستەی دادوەران بڕیاریان لەسەر تۆمەتباران دا.
دەستەی دادوەران قورسترین سزایان بەسەر سەلاحەدین دەمیرتاش، سیاسەتڤانی کورد و هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپەدا سەپاند، کە 42 ساڵ زیندانیکردنە. هەروەها ئەحمەد تورک، سەرۆکی شارەوانیی مێردین بە 10 ساڵ بەندکردن سزادرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ