رووداو دیجیتاڵ
بەر لە کۆبوونەوەی لووتکەی وڵاتانی بەشدار لە رێکخراوی هاریکاریی شەنگهای لە سەمەرقەندی ئۆزبەکستان. سەرۆکی رووسیا بە جیا لەگەڵ سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆککۆماری ئێران کۆبووەوە.
بڕیارە چەند کۆبوونەوەیەکی دیکە لە پەراوێزی لووتکەکەدا بکرێن، لە دیارترینیان کۆبوونەوەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لەگەڵ ڤلادمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا دەبێت کە چاوەڕوان دەکرێت بەشێکی تایبەت بێت بە قسەکردن لەسەر ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا.
جگە لەوەش، ئەردۆغان لەگەڵ شی جینپینگ، سەرۆکی چین کۆبووەوە. ئەوەش لەکاتێکدایە کە تورکیا بەردەوام رەخنەی لە چین گرتووە سەبارەت بە چەوساندنەوەی موسڵمانەکانی ئیگۆر، کە کەمینەیەکی موسڵمانی تورک زمانن و لە هەرێمی شینجیانی باکووری رۆژهەڵاتی چین نیشتەجێن.
لەبارەی کۆبوونەوەی نێوانیان، میدیای فەرمیی چین رایگەیاند کە شی جینپینگ جەختی لە "متمانەی هاوبەش و رێزگرتن لە بەرژەوەندیی یەکدی و پەیوەندیی هاوبەشی ستراتیژیی نێوان هەردوو وڵات" کردووەتەوە. جگە لەوەش، بەگوێرەی میدیای چین، شی باسی لە دەستپێشخەریی بازرگانیی جیهانیی چین بە ناوی 'پشتێن و رێگا' کردووە و جەخی لەوە کردووەتەوە دەبێت هەردوولا "کار لەسەر برەودان بە پیشەسازیی نێودەوڵەتی، ئاسایشی خۆراک و وزە" بکەن.
یەكێک لە کۆبوونەوە دیارەکانی دیکەی ئەمڕۆ، بریتی بوو لە کۆبوونەوەی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران لەگەڵ هاوتا چینییەکەی. ئەم کۆبوونەوەیەش چەند رۆژێک دوای ئەوە دێت کە یەکێتیی ئەوروپا هۆشداری دا لەوەی کە دانوستاندنەکان بۆ گەڕاندنەوەی ئەمریکا و ئێران بۆ نێو رێککەوتنی ئەتۆمی "گەیشتوونەتە بنبەست."
ئەوەش لەکاتێکدایە کە چین یەكێکە لە پێنج ئەندامە هەمیشەییەکەی ئەنجوومەنی ئاسایش و لەگەڵ هەریەک لە فەرەنسا، بەریتانیا، رووسیا، ئەمریکا و ئەڵمانیا بەشێکن لە دانوستاندنەکانی کاراکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران.
ئێران یەکێکە لە وڵاتانی چاودێر لە رێکخراوی هاریکاریی شەنگهای، بەڵام لە ساڵی 2008ـدا داواکاریی ئەندامبوونی لە رێکخراوەکەدا پێشکێشکرد. رۆژی پێنجشەممەش دوای واژۆکردنی یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن بۆ ئەندامبوونی ئێران لە رێکخراوەکە، حوسێن ئەمیر عەبدوڵلاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند کە "ئومێدەوارین، ئەوپەڕی لە سێ هەفتەی داهاتوودا" پڕۆسەی بە ئەندامبوونی وڵاتەکە کۆتایی بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ