رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزی سویسرا لە ئەنقەرە بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوە کرا و ئاگادارکرایەوە، کە هێرشکردنە سەر تورکیا لە گردبوونەوەکەی شاری زیوریخ "قبوڵکراو نییە".
رۆژی چوارشەممە، 14ـی حوزەیرانی 2023 لە شاری زیوریخی سویسرا گردبوونەوەیەک رێکخرا، تێیدا بووکەڵەیەک سووتێندرا و لافیتەیەک کە تێکستەکانی سەری هێرش بوو بۆ سەر رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، بەرزکرایەوە.
بەو هۆیەوە رۆژی پێنجشەممە، 15ـی حوزەیران جان دانیال روچ باڵیۆزی سویسرا لە ئەنقەرە لەلایەن محەممەد کەمال بۆزای بریکاری وەزیری دەرەوە و بەرپرسی کاروباری یەکێتی ئەوروپا، بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوە کرا.
بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە کۆبوونەوەکەدا بە باڵیۆز روچیان راگەیاندووە، نابێت رێگە بەو جۆرە هێرشانە بدرێت.
ئەنقەرە، هەروەها داوای کردووە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بکرێت و ئەو کەسانە دەستنیشان بکرێن کە هێرشیان کردووەتە سەر تورکیا و ئەردۆغان.
رۆژی چوارشەممە، 14ـی حوزەیرانی 2023 لە زۆربەی شارەکانی سویسرا هەزاران ژن بۆ یەکسانیی مووچە لە شوێنی کار و کۆتاییهێنان بە تووندوتیژی دژی ژنان و هاوڕەگەزخوازان گردبوونەوە.
بەگوێرەی ئاژانسی فەرمیی تورکیا، گرووپێک بە ناوی "کۆمەڵی مانگرتنی شۆڕشگێڕی زیوریخ" دزەیان کردووەتە نێو خۆپیشاندانەکانی شاری زیوریخ، لەبەردەم بانکی یو بی ئێس بوکووڵەیەک، کە بە رەجەب تەیب ئەردۆغان چوێندراوە لەگەڵ ئاڵایەکی تورکیایان سووتاندووە. هەروەها لافیتەیەکیان بەرزکردووەتەوە، کە لەسەری نووسرابوو "ئەردۆغان بکوژە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ