رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ناوخۆی تورکیا دەڵێت، نزیکەی 131 هەزار سووری مافی دەنگدانیان لە هەڵبژاردنەکانی مانگی داهاتووی وڵاتەکەیدا هەیە.
لە لێدوانێکدا بۆ میدیای وڵاتەکەی، سلێمان سۆیڵو، وەزیری ناوخۆی تورکیا وەڵامی تویتێکی موحەڕەم ئینجە، سەرۆکی پارتی مەملەکەت و بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆککۆماری تورکیای دایەوە کە گوتبووی، لە پێناو بەدەستهێنانی دەنگی زیاتر، وەزارەتی ناوخۆی تورکیا وڵاتینامە بە پەناخوازانی سووریی و بیانی دەدات.
وەزیری ناوخۆی تورکیا گوتی، "550 هەزار پەناخوازی سووری لەسەر ویستی خۆیان گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان و ئێستاش سێ ملیۆن و 420 هەزار هاووڵاتیی سووری لە تورکیا نیشتەجێن. لەو ژمارەیە 230 هەزار و 988 کەسیان وڵاتینامەی تورکیایان وەرگرتووە و 130 هەزار و 900 کەسیان مافی دەنگدانیان هەیە".
وەزیری ناوخۆی تورکیا راشیگەیاند، 40٪ـی ئەو هاووڵاتییە سوورییانەی وڵاتینامەی تورکیایان پێدراوە تورکمانن و گوتیشی، "پێشتر سیاسەتی دەوڵەت بەو جۆرە بوو کە وڵاتینامە بە تورکمانی سووریا نەدات بۆ ئەوەی لە زێدی خۆیان بمێننەوە و گۆڕانکاریی دیمۆگرافی لە ناوچەکانیان روونەدات، بەڵام دۆخە نەخوازراوەکە ناچاری کردین لە بڕیارەکەمان پاشگەز ببینەوە و وڵاتینامە بەوانیش بدەین بۆ ئەوەی رووبەڕووی کۆمەڵکوژی نەبنەوە".
ساڵی رابردوو فراکسیۆنی جەهەپە پڕۆژەیاسایەکی پێشکێشی پەرلەمانی تورکیا کرد و تێیدا داوای کرد، ئەو کەسانەی وڵاتینامەی تورکیایان پێدەدرێت، مافی ئەوەیان نەبێت لە یەکەم هەڵبژاردندا دەنگبدەن، بەڵام بە دەنگی فراکسیۆنی ئاکپارتی و مەهەپە رەتکرایەوە.
بەگوێرەی رۆژژمێری هەڵبژاردن، رۆژی 14ـی ئایاری 2023 هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و پەرلەمانیی تورکیا دەکرێت. 36 پارتی سیاسیی مافی بەشداریکردنیان لەو هەڵبژاردنانەدا هەیە.
لەو هەڵبژاردنەدا 64 ملیۆن و 191 هەزار و 285 کەس مافی دەنگدانیان هەیە؛ 60 ملیۆن و 904 هەزار و 499 دەنگدەر لەناوخۆی تورکیا و 3 ملیۆن و 286 هەزار و 786 دەنگدەریش دەتوانن لە دەرەوە دەنگ بدەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ