دەستەی باڵای هەڵبژاردنی تورکیا: لە 15 وڵات سندووقی هەڵبژاردن دادەنرێت

16-03-2023
هەوار ئیسماعیل
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

پرۆسەی دەنگدان بۆ ئەو هاووڵاتییانەی تورکیا کە لە دەرەوەی وڵات دەژین و لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری و پەرلەمانی تورکیادا مافی دەنگدانیان هەیە، رۆژی پێنجشەممە لە 27ـی نیسانی داهاتوو لە کۆنسوڵخانە گشتییەکانی ئەو وڵاتانە دەستپێدەکات و رۆژی سێشەممە، 9ـی مایس کۆتاییدێت. لە دەروازە سنوورییەکانیش تاوەکو 14ـی ئایار دەنگدان بەردەوام دەبێت. 
 
ئەحمەد یەنەر، سەرۆکی دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا ئەمڕۆ پێنجشەممە، 16ـی ئاداری 2023، ئاماژەی بەوەدا، توێژینەوەکان بۆ دیاریکردنی ئەو وڵاتانە تەواو بووە کە هاووڵاتییان لە لیستی هەڵبژاردنەکانی دەرەوەدا دەنگ دەدەن، لەو چوارچێوەیەدا لە 15 وڵاتی نوێدا سندووقی دەنگدان دادەنرێن. 
 
یەنەر گوتیشی، "هاووڵاتییانمان دەتوانن لە 75 وڵات و 156 نوێنەرایەتی دەنگ بدەن. جگە لەو وڵاتانەی کە لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2018 دا سندووقیان لێ دانرابوو کە 60 وڵاتبوو، بۆ ئەو هەڵبژاردنانەی کە ئەمساڵ ئەنجام دەدرێن، پێویستە سندووقی دەنگدان لە 15 وڵاتی نوێ دابنرێت". 
 
ئەو وڵاتە نوێیانەی کە ئەمساڵ سندووقی دەنگدانیان لێ دادەنرێن بریتین لە؛ ئەفغانستان، بێلاڕووس، بەرازیل، ئیستۆنیا، مەغریب، کەنەدا، کۆماری کۆریا، لیبیا، لیتوانیا، مالیزیا، نایجیریا، پاکستان، پۆرتوگال، سلۆڤاکیا و تانزانیا.
 
ئەمە لەکاتێکدایە لە دوایین ھەڵبژاردنی سەرۆککۆماری و پەرلەمانی تورکیا کە لە 24ـی حوزەیرانی 2018 دا ئەنجامدرا، لە 60 وڵات و 123 نوێنەرایەتی سندووق دانران بۆ ئەوەی هاووڵاتییانی تورکیا لە دەرەوەی وڵات بەشداری لە پرۆسەی دەنگدان بکەن.  
 
بەگوێرەی داتاکانی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا نزیکەی 6.5 ملیۆن هاووڵاتیی تورکیا لە دەورەوەی تورکیا دەژین کە 5.5 ملیۆنیان لە وڵاتانی ئەوروپای رۆژئاوا نیشتەجێن.  
 
لە هەڵبژاردنەکانی 24ـی حوزەیرانی 2018دا سێ ملیۆن و 44 هەزار و 837 هاووڵاتیی تورکیا لە دەرەوەی وڵات مافی دەنگدانیان هەبوو. لەو ژمارەیە یەک ملیۆن و 525 هەزار و 279 کەس دەنگیاندا. 
 
ئەگەر هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار بچێتە خولی دووەم، ئەوا لە رۆژی شەممە 20ـی ئایار پرۆسەی دەنگدان لە دەرەوەی وڵات و لە دەروازە گومرگییەکان دەستپێدەکات.
 
هاووڵاتییانی تورکیا لە دەرەوەی وڵات دەتوانن تاوەکو رۆژی چوارشەممە 24ـی ئایار بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان. 
 
سندووقەکانی دەنگدان لە دەروازە سنوورییەکان تاوەکو 28ـی ئایار کراوە دەمێننەوە بۆ دەنگدان. لە کاتی پڕۆسەی هەڵبژاردندا بەدرێژایی 24 کاژێر لە رۆژێکدا دەکرێت لەوێ دەنگ بدرێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە