وەزیری بەرگریی تورکیا: ئێمە و ئیدارەی نوێ لە سووریا دەمانەوێت یەپەگە نەمێنێت

15-12-2024
هەوار ئیسماعیل
نیشانەکردن شەڕ لە سووریا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
وەزیری بەرگریی تورکیا رایگەیاند، لە سووریا ئامانجی سەرەکییان لەناوبردنی "پەکەکە/یەپەگە"یە و دەڵێت، ئەمەیان بە ئاشکرا و بە روونی بە ئەمریکییەکان گوتووە.
 
یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا ئەمڕۆ یەکشەممە 15ـی کانوونی یەکەم، لە کۆبوونەوەی ساڵانەی هەڵسەنگاندن بۆ نوێنەرانی میدیا لە وەزارەتی بەرگریی لە ئەنقەرە رایگەیاند، سیاسەتێکی فرەلایەنە و کاریگەر لە بەرگری و ئاسایشدا پەیڕەو دەکرێت کە ئاسایش و ئارامی لە پێشینەی کارەکانیدایە.
 
گولەر گوتی: "ژینگەی ئەمنی فرەڕەهەند و ئاڵۆزیی ئێستا و پێشهاتە ئاژاوەگێڕەکانی ناوچەکە پێویستی بەوەیە کە هێزە چەکدارەکانی تورکیا هێزێکی چالاک و رێگریکەر بێت و لە هەموو کاتێکدا بۆ ئۆپەراسیۆن ئامادە بێت". گوتیشی، لە دوای شەڕی سەربەخۆییەوە، "چڕترین و گشتگیرترین و کاریگەرترین" چالاکییەکان کراون.
 
گولەر ئاماژەی بەوەشدا، ئامانجی کۆتاییان لە سەرچاوەکانیانەوە "نەهێشتنی هەموو ئەو چالاکییە "تیرۆریستی"ـیانەی کە لە سەر سنوورەکانی عێراق و سووریا مەترسی بۆ سەر تورکیا دروست دەکەن و تیرۆر بە تەواوی لە کارنامەی میللەت دوور بخەنەوە". هەروەها گوتی، هیچ کێشەیەکیان لەگەڵ "برا کوردەکانیان" نییە کە لە عێراق و سووریا دەژین، کێشەکەیان تەنیا لەگەڵ "تیرۆریستاندایە".
 
گولەر بە ئاماژەدان بەوەی کاتی ئەوە هاتووە سووریا ببێتە وڵاتێکی ئاوەدانی سەقامگیر و دیموکراسی و یەکگرتووی سیاسی، گوتی، "بۆ ئەمەش هەموو جۆرە پاڵپشتییەک پێشکەش دەکەین کە لە تواناماندا بێت بۆ پەسندکردنی دەستوورێکی گشتگیر لە سووریا، ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی ئازاد، ئاساییکردنەوەی تەواو و دابینکردنی ژینگەیەکی ئەمنی".
 
گولەر گوتی: "تورکیا ئەو وڵاتەیە کە گەورەترین بارگرانی مادی، ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی ئەو رووداوانەی لە سووریا روودەدەن لە ئەستۆ گرتووە. وەک دەزانن داعش و دواتر رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە/کەجەکە-پەیەدە/یەپەگە-هەسەدە، کەڵکیان لە بۆشایی دەسەڵات لە سووریا وەرگرت و هەوڵیاندا دەوڵەتێکی تیرۆریستی لە ناوچەکە دابمەزرێنن. بەو ئۆپەراسیۆنانەی لە سووریا کردمان، رێگریمان کرد لە رێکخراوی تیرۆریستی". 
 
گولەر دەڵێت، ئەمریکا تائێستا هەڵوێستێکی دیاریکراوی لە سووریا هەبووە، بەڵام ژینگەکە گۆڕاوە، "ئێستا هەمووان دەبێت ئەو واقیعە قبوڵ بکەن، بیانەوێت یان نا. سەرەنجام دێرەزوور، کە یەکێک لە سەرچاوە سەرەکییەکانی داهاتی پەکەکە/یەپەگە و ناوچەی سەرەکیی نەوت بوو، کەوتە ژێر دەسەڵاتی ئۆپۆزیسیۆن، ئێستا رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە/یەپەگە لەم سەرچاوەی داهاتە بێبەشە".
 
وەزیری بەرگریی تورکیا گوتیشی، "ئەولەویەتی ئێمە نەهێشتنی رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە/یەپەگەیە. ئێمە بە ئاشکرا و بە روونی ئەوەمان بۆ دۆستە ئەمریکییەکانمان دەربڕی، چاوەڕێی ئەوە دەکەین هەڵوێستەکانیان هەڵبسەنگێننەوە. لە قۆناخی نوێدا رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە/یەپەگە لە سووریا زوو یان درەنگ تەسفیە دەکرێن، هەم ئیدارەی نوێ لە سووریا و هەم ئێمە ئەوەمان دەوێت".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا. وێنە: AA

ئەردۆغان لەبارەی دانانی قەییوم: لەگەڵ ئەو کەسانەی دەسەڵات بۆ خزمەت بەکاردەهێنن کێشەمان نییە

سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی دانانی قەییوم بۆ بەشێک لە شارەوانییەکانی باکووری کوردستان و تورکیا گوتی، ''کێشەمان لەگەڵ ئەوانەدا نییە کە دەسەڵات بۆ خزمەتکردنی گەل بەکاردەهێنن''.