دەستەی باڵای هەڵبژاردنی تورکیا: 99.4%ـی تێکڕای سندووقەکان کراونەتەوە

15-05-2023
هەوار ئیسماعیل
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکی دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا دوایین زانیاری لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، 99.4%ـی تێکڕای سندووقەکان کراونەتەوە و لە داتای گشتیدا تۆمارکراون. 
 
ئەحمەد یەنەر، سەرۆکی دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا ئەمڕۆ دووشەممە، 15ـی ئایاری 2023 رایگەیاند، "ژمارەی سندووقەکان لە نێوخۆی تورکیا 192 هەزار و 214 سندووقن. تا کاژێر 09:45 خولەکی ئەم بەیانییە %99.4ـی تێکڕای سندووقەکان کراونەتەوە کە ژمارەیان 192 هەزار و 187 سندووقە و 27 سندووق ماون کە بکرێنەوە". 
 
لە دەرەوی تورکیا 9 هەزار و 594 سندووق هەبوون؛ 8 هەزار و 65 لەو سندووقانە کراونەتەوە. 
 
ئەحمەد یەنەر ئاماژەی بەوەدا کە بەگوێرەی ئەم ئەنجامانە؛ لە کاژێر 09:45 رێژەی دەنگی رەجەب تەیب ئەردۆغان، بەربژێری هاوپەیمانیی جمهوور %49.40ـە و رێژەی دەنگی کەمال کڵچدارئۆغڵو، بەربژێری هاوپەیمانیی میلـلەت %44.96 ـە؛ هەروەها سینان ئۆغانی بەربژێری هاوپەیمانیی ئاتا %5.2 و موحەڕەم ئینجەی بەربژێری پارتی مەملەکەت کە سێ رۆژ بەر لە دەنگدان کشایەوە %0.44ـی دەنگەکانیان بەدەستهێناوە. 
 
یەنەر هەر ئەمڕۆ لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی و دۆخی پارتە سیاسییەکان رایگەیاند، "ئەو پارتە سیاسییانەی تائێستا بەندی %7ـی هەڵبژاردنیان تێپەڕکردووە لە هاوپەیمانیی جمهوور بریتین لە ئاکپارتی، مەهەپە، سەرلەنوێ رەفاهـ و پارتی یەکێتی گەورە"؛ لە هاوپەیمانی میلـلەت بریتین لە جەهەپە و ئیی پارتی؛ لە هاوپەیمانیی رەنج و ئازادیش بریتین لە پارتی چەپی سەوز-یەسەپە، پارتی چەپ و پارتی کرێکارانی تورکیا". 
 
سەرۆکی دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا باسی لەوەشکرد، نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکان چاودێریی پرۆسەکە دەکەن. هەروەها زانیاریی نوێکراوەی بەردەوامیشیان پێ دەدرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە