رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ چوارشەممە 14-12-2022، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ کە تۆمەتبارە بە "سووکایەتیکردن بە ئەندامانی دامەزراوەی هەڵبژاردنی تورکیا"، دەچێتە دادگە و چاوەڕێ دەکرێ دادوەر بڕیار لەسەر دۆسیەکەی بدات.
بەهۆی ئەوەی رۆژی 30-10-2019، لە فەرەنسا و لە کۆنگرەی ئیدارە خۆجێیەکاندا گوتارێکی پێشکێشکرد و جەختیکردەوە کە دامەزراوەی هەڵبژاردنی تورکیا لە هەڵبژاردنی شارەوانیی ئیستەنبووڵدا لە بەرژەوەندیی دەسەڵاتی ئاکپارتی هەنگاوی ناوە، سکاڵای لەسەر تۆمارکرا و تۆمەتی سووکایەتیکردن بە ئەندامانی دامەزراوەکەی درایەپاڵ.
ئەمڕۆ کاژێر 11:30 بەکاتی ئیستەنبووڵ ئیمامئۆغڵو لە دادگەی ئەنادۆڵو لە ناوچەی کارتاڵی ئیستەنبووڵ ئامادە دەبێت. میدیای تورکیا بڵاویکردووەتەوە کە ئەمڕۆ بە ئەگەرێکی زۆر بڕیار لەسەر دۆسیەکەی ئیمامئۆغڵو دەدرێت.
داواکاری گشتی لەسەر ئەو دۆسیەیە داوای سزای زیندانیی 4 ساڵ و 1 مانگی بۆ ئیمامئۆغڵو داواکردووە. هەروەها داوایکردووە، قەدەخەی سیاسەتکردن بخرێتە سەر ئیمامئۆغڵو.
ئەگەر ئیمامئۆغڵو سزاکەی بەسەردا بسەپێندرێت، بەگوێرەی مادەی 53، راستەوخۆ جێبەجێکردنی قەدەخەی سیاسەتکردنیش دەبێتە جێی باس.
دوای ئەوەی دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی 31ـی ئاداری 2019ـی شارەوانییەکانی تورکیا هەڵوەشاندەوە ئیمامئۆغڵو رایگەیاند، "دەسەڵات نەیتوانی ئەو هەڵبژاردنە لەڕێی ساختەکارییەوە بباتەوە، دەیەوێ بەبڕیاری دەستەی باڵای هەڵبژاردن لەڕێگەی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن بیباتەوە." بەهۆی ئەو گوتانەوە سکاڵای یاسایی لەسەر ئیمامئۆغڵو تۆمارکرا.
لە دانیشتنی رابردوودا کە 1-6-2022 بەڕێوەچوو، دادوەر هیچ بڕیاریکی نەدا و دانیشتنەکەی بۆ ئەمڕۆ 14-12-2022 دواخست.
ئیمامئۆغڵو لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا کە ساڵی 2019 بەڕێوەچوو، بەربژێری هاوپەیمانیی میللـەت بوو کە جەهەپە و ئیی پارتی پێکیانهێنا و هەدەپەش پشتیوانی کرد. دوای 25 ساڵ بە پشتیوانیی کورد گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵی لە ژێر دەستی ئاکپارتی دەرهێنا.
ئیمامئۆغڵو دوای سەرکەوتنی لە هەڵبژارنەکانی 31ـی ئاداری 2019دا تەنیا 18 رۆژ سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ بوو و دواتر قەییوومی بۆ دانرا و بەبڕیاری دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ئیستەنبووڵ دووبارە کرانەوە.
ئیمامئۆغڵو رۆژی 23ـی حوزەیرانی 2019، بە بەدەستهێنانی 806 هەزار و 426 دەنگ، لە بینالی یڵدرمی رکابەری کە بەربژێری ئاکپارتی بوو، بردەوە و لە ماوەی سێ مانگدا بۆ دووەمجار وەک سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ هەڵبژێردرایەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ