ئەردۆغان: تەنیا بەهۆی قسەکردن بە زمانی دایکیان ناحەقی بەرامبەر ملیۆنان هاووڵاتیمان کرا

14-10-2024
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ قایمقامەکان لە کۆشکی کۆماریی تورکیا رایگەیاند، سەردەمانێک تەنیا بەهۆی قسەکردن بە زمانی دایکیان، ملیۆنان هاووڵاتی ناحەقیان بەرامبەر کرا.
 
لە گوتارێکیدا بەبۆنەی خولی 109یەمینی قایمقامانی تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، جەختی لەسەر چۆنیەتیی بەڕێوەبردن و حوکمڕانی کردەوە.
 
ئەردۆغان گوتی: "لەو سەردەمەی ویستی گەل هەڵپەسێردرابوو، دەوڵەت بەشێک لە هاووڵاتیانی بە سەرچاوەی هەڕەشە بینی. زۆر سەرقاڵی رواڵەتی دەرەوە، جلوبەرگ، سەرپۆشی ژنان، قژ و ریشی پیاوان بوون. بە گوتنەوەی دەستەواژەکانی نەریتخواز، تەریقەت، جەماعەت، لایک، ئەنتی لایک، دواکەوتوو و پێشکەوتوو، هەوڵیاندا خەڵکی ئێمە بەگژیەکدا ببەن".
 
هەروەها لە بەشێکی گوتەکانیدا سەرۆککۆماری تورکیا باسی لە ئازادییەکان کرد و گوتی: "تەنیا بەهۆی ئەوەی ویستی ئازادانە بیروباوەڕی خۆی پەیڕەو بکات، تەنیا لەبەر ئەوەی بە زمانی دایکیان قسەیان دەکرد، جیاکاری دەرهەق بە ملیۆنان هاووڵاتیمان کرا، بە چاوێکی دیکە سەیرکرا و بەداخەوە کە ناحەقیی بەرامبەر کرا. دیموکراسیمان، دەوڵەتمان و گەلەکەمان باجی ئەمەیان دا". 
 
ئەردۆغان هەروەها رایگەیاند، لە پەڕاوی ئەواندا نییە کە هاووڵاتی بە هەڕەشە بزانن و لە بەرزییەوە سەیری خەڵک بکەن. پرەنسیپی ئەوان بریتییە لە 'مرۆڤ بژیێنە تا دەوڵەت بژی". راشیگەیاند، ئەو پرەنسیپە بوو عوسمانیی 600 ساڵ لەسەر پێ هێشتەوە.
 
سەرۆککۆماری تورکیا رووی دەمی کردە قایمقامەکان و پێی راگەیاندن، "ئەگەر جگە لەوانەی باسکران، هیچ جۆرە حوکمڕانییەکی دیکە هەیە، راستەوخۆ گۆڕانکاریی بەسەردا بهێنن و خزمەتی خەڵک بە پیشە بزانن".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە