رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی باڵای جەهەپە رایگەیاند، ئەگەر پرۆسەی چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا دەستپێبکاتەوە، ئەوە روونکردنەوەی پێویستیان دەبێت.
لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رۆژی دووشەممە 14-10-2024 لە ئەنقەرە، دەنیز یوجەل گوتەبێژی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) لەبارەی ئەگەری دەستپێکردنەوەی پرۆسەی چارەسەری رایگەیاند، ئەگەر بەرەوپێشچوونی بەرجەستە هەبێت، جەهەپە روونکردنەوەی پێویست بڵاودەکاتەوە.
دەولەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) رۆژی 1-10-2024 لە پەرلەمانی تورکیا چووە لای فراکسیۆنی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) و تەوقەی لەگەڵدا کردن. ئەمە بووەتە رۆژەڤی تورکیا و لێکدانەوەی جیاوازی بۆ دەکرێت. بەشێک باس لە ئاساییبوونەوە و دەستپێکردنی قۆناخێکی نوێ لە چارەسەکردنی پرسی کورد دەکەن، بەشێکیش بابەتەکە بە نووسینەوەی دەستوورەوە گرێدەدەن.
هەروەها رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لەدوای گەڕانەوەی لە ئەلبانیا، رۆژی شەممە 12-10-2024 وەڵامی چەند پرسیارێکی سەبارەت بە نزیکبوونەوەیان لە پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) و ئەگەری قۆناخێکی نوێی چارەسەری دایەوە.
ئەردۆغان لەبارەی ئامادەییان بۆ پرۆسەیەکی هاوشێوە گوتی "بەرەنگاری هەموو جۆرێکی تیرۆر دەبینەوە و لە دژی دەوەستین. هەموو کاتێکیش ئامادەین بۆ ئەوەی بە رێگەیەکی دوور لە تیرۆر، بابەتەکان چارەسەر بکەین. چونکە ئێمە لەپێناو بەهێزکردنی ئارامی و یەکێتیی وڵاتەکەمان سیاسەت دەکەین. هەروەها لەپێناو پێشکێشکردنی خزمەتگوزاری بەو کوالێتییەی گەلەکەمان شایستەیە، سیاسەت دەکەین."
دەقی پرسیار و وەڵامەکە:
لە رۆژی 1ـی تشرینی یەکەمەوە، بەهۆی تەوقەکردنی دەولەت باخچەلی لەگەڵ ئەندامانی دەم پارتی، مشتومڕی ئەوە هەیە؛ ئایا ئەمە ئاماژەیە بۆ دەستپێکردنی پرۆسەیەکی نوێی چارەسەری؟ ئەگەر لایەنەکان رێکبکەون و لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشن، هەڵوێستی جەهەپە چی دەبێت؟
دەنیز یوجەل، گوتەبێژی جەهەپە: تائێستا هیچ پرۆسەیەکی بەرجەستە لەبەردەممان نییە. ئێمە چاودێریی پێشهاتەکان دەکەین و سەیر دەکەین. ئەگەر بەرەوپێشچوونێکی بەرجەستە دروستببێت، بێگومان دەسەڵاتدارانی پارتەکەمان دیداری پێویست دەکەن و روونکردنەوەی پێویستیش دەدەین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ