دادگەی دەستووریی تورکیا: دروشمی 'بژی سەرۆک ئاپۆ' ئازادیی بیروڕایە

14-10-2024
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

دادگەی دەستووریی تورکیا دروشمەکانی 'بژی سەرۆک ئاپۆ' و 'پەکەکە خەڵکە و خەڵک لێرەیە'ی بە ئازادیی بیروڕا پێناسەکرد و رەتیکردەوە گوتنەوەی ئەو دروشمانە تاوان بێت.
 
لە ماوەی رابردوو دا خەڵک لە تورکیا و باکووری کوردستان لەسەر گوتنەوەی دروشمەکانی 'بژی سەرۆک ئاپۆ' و ' پەکەکە خەڵکە و خەڵک لێرەیە' و 'چەرخا شۆڕشێ' سزادەدرا. ئەمڕۆ دووشەممە، 14-10-2024 دادگەی دەستووریی تورکیا بڕیاری لەمبارەیەوە دا.
 
بەگوێرەی بڕیارەکەی دادگەی دەستووریی تورکیا، هیچ یەک لەو دروشمانە "تاوان نین و ئازادیی بیروڕان".
 
دادگەی دەستووری هەروەها ئەو سزایانەی لەسەر ئەو دروشمانە دراون، بە "پێشێلکردن"ی بیروڕای ئازاد وەسفدەکات.
 
لە پارێزگای ئەردەخانی باکووری کوردستاندا هاونیشتمانییەک بەناوی (م. ن. تەکین) رۆژی 7-6-2014 ئەو دروشمانەی لە گۆرانیدا بەکارهێناوە و دووبارەی کردوونەتەوە. دواتر لەسەر ئەوە تۆمەتی بانگەشەکردن بۆ پەکەکەی دراوەتە پاڵ و دەستگیرکراوە.  دواتر لەلایەن دادگەی سزا قورسەکانی ئەردەخانەوە، سزای پارە و زیندانیشی بەسەردا سەپێندرا. 
 
رۆژی 11-2-2022 تانە لە دۆسیەکە دراوە و پێشکێشی دادگەی دەستووریی تورکیا کرا. 
 
دادگەکە داواکارییەکەی وەرگرت و بریارەکانی ئەو دۆسیەیەی بە "پێشێلکاری" ناوبرد. هەروەها رەتیکردەوە ئەو دروشمانە خەڵک بۆ تیرۆر بانگهێشت بکەن.
 
دادگەی دەستووری جەختیکردووەتەوە کە ئەو بڕیاری سزایەی لەسەر تەکین دراوە، پێشێلی مادەی 26ی دوستووری تورکیا دەکات، کە پاراستنی مافی ئازادیی رادەربڕینە.
 
سزای سەر تەکین لە دادگەی دەستووری بە پێشێلکاری لە قەڵەمدرا و بە کۆی دەنگی ئەندامان پەسندکرا. لە دەنگدانەکەدا هەریەک لە ئەندامان یڵدز سەفەرینئۆغڵو و عومەر چنار بەشدار نەبوون.
 
تاوەکو ئێستا دادگەی دەستووریی تورکیا چەندین جار بڕیاری دادگە جۆراوجۆرەکانی تورکیای رەتکردووەتەوە و بە پێشێلکاری ناوی بردوون. بە رادەیەک دەولەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) چەند جارێک داوای داخستنی دادگەی دەستووری کردووە.
 
ئەنجوومەنی دادوەرانی دادگەی دەستووریی تورکیا لە 15 ئەندام پێکدێت و بڕیاردان بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانە. 
 
 

 

 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە