رووداو دیجیتاڵ
سێ ئەندام و بەرپرسێکی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) بە تۆمەتی بانگەشەکردن بۆ پەکەکە لە پارێزگای سەمسووری باکووری کوردستان دەستبەسەر کران. یەکێک لە دەستبەسەر کراوەکان سەعید دیلەک، هاوسەرۆکی رێکخستنەکانی دەم پارتی شارۆچکەکەی کۆلیکە.
ئۆپەراسیۆنەکە بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 14ـی تشرینی یەکەم لەسەر راسپاردەی داواکاری گشتیی کۆلیک بەڕێوەچوو.
هێزە ئەمنییەکان لە شارۆچکەکەدا هەڵیانکوتایە سەر چەند خانوویەک و چوار کەسیان دەستبەسەر کرد.
هەریەک لە سەعید دیلەک، هاوسەرۆکی رێکخستنەکانی دەم پارتی شارۆچکەکەی کۆلیک؛ سینان سوت، نوری کارلی و حەسەن شاهین، ئەندامانی دەم پارتی کە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکەدا دەستبەسەر کران، برانە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی شارۆچکەکە.
ئەو چوار کەسە بە تۆمەتی "بانگەشەکردن بۆ رێکخراوێکی تیرۆریستی" دەستبەسەر کراون.
چاوەڕوان دەکرێت دوای کۆتاییهاتنی رێکارەکان لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسەوە بگوازرێنەوە بۆ دادگا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ