پەیامنێرانی رووداو رووماڵی هەڵبژاردنی تورکیا دەکەن

14-05-2023
پەیمان محەممەد
نیشانەکردن هەڵبژاردنی تورکیا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
هەڵبژاردن لە باکووری کوردستان و تورکیا بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆککۆماری ئەم وڵاتە بەردەوامە؛ رکابەری بۆ پۆستی سەرۆککۆمار لەنێوان رەجەب تەییب ئەردۆغان، بەربژێری هاوپەیمانیی جمهوور؛ کەمال کڵچدارئۆغڵوو، بەربژێری هاوپەیمانیی میللەت و سینان ئۆغان، بەربژێری هاوپەیمانیی ئاتایە.
 
زیاتر لە 60 ملیۆن کەس لە باکووری کوردستان و ناوخۆی تورکیا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و 600 کورسییەکەی پەرلەمان مافی دەنگدانیان هەیە. 36 پارتی سیاسی بەشدارن کە 24 پارت، لیستی بەربژێریان بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان هەیە و 12 پارتەکەی دیکەش بە ناوی هاوپەیمانییەوە دەچنە نێو پڕۆسەی هەڵبژاردنەوە. تۆڕی پەیامنێرانی رووداویش لە شارە جیاوازەکانی باکووری کوردستان و شارە گەورەکانی تورکیاوە رووماڵی هەڵبژاردنەکە دەکەن. 
 
ئیستەنبووڵ
 
راوین ستێرک، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە ئیستەنبووڵ لەبارەی رەوشی هەڵبژاردن دەڵێت، رەوشێکی ئارام هەیە و نزیکەی 11 ملیۆن و 400 هەزار دەنگدەر مافی دەنگدانیان هەیە. ئیستەنبووڵ گەورەترین شاری تورکیایە و زۆرترین دەنگدەر لەم شارەدان. 
 
 
پەیامنێرەکەی رووداو باس لەوە دەکات کە لە ئیستەنبووڵ رەوشی ئەمنی لە ئاستێکی بەرزدایە و تاوەکو ئێستا لە تورکیا ئەم ئاستە لە کەشی ئەمنی بۆ هەڵبژاردنەکان نەبینراوە.
بەپێی فەرمانی وەزارەتی نێوخۆ، سەرجەم هێزەکانی دەریایی، وشکانی و ئاسمانی لەئامادەباشیدان کە لە ئەگەری دروستبوونی هەر گرفتێک، یەکسەر رێکارە ئەمنییەکان دەگرنەبەر.
 
وەزیری ناوخۆی تورکیا لەوبارەوە لە کاتی دەنگدانیدا رایگەیاند، ئەمڕۆ 601 هەزار کارمەندی پۆلیس، ئاسایش، جەندرمە و گوندپارێز لە ئەرکدان و ئەرکی ئەوانیش پاراستنی ناوەندەکانی دەنگدانە؛ هاوکات 79 هێلیکۆپتەر 8 فڕۆکە لە ئەرکدان.
 
ئەنقەرە 
 
لە هەڵبژاردنی رابردوودا لە ئەنقەرە، بەشداری دەنگدەران زیاتر لە 80٪ـی ئەو کەسانە بوو کە مافی دەنگدانیان هەبوو.
شەوکەت هەرکی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە ئەنقەرەوە دەڵێت، رێوشوێنی ئەمنی تووندوتۆڵ گیراوەتەبەر بۆ ئەوەی هەڵبژاردنەکە لە کەشێکی ئارامدا بەڕێوەبچێت.
 
 
بەپێی ئاماری دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا، 4 ملیۆن و 280 هەزار و 941 کەس مافی دەنگدانیان لە ئەنقەرە هەیە و بە شێوەیەکی گشتی 12 هەزار و 251 سندووقی دەنگدانیان بۆ دانراوە، کە دووەم گەورەترین شاری تورکیا و پایتەختی ئەم وڵاتەیە، لە پەرلەمانیشدا 36 کورسی بۆ داندراوە.
 
ئامەد
 
لە ئامەدی پارێزگای باکووری کوردستان، یەک ملیۆن و 143 هەزار و 887 کەس مافی دەنگدانیان هەیە و لەسەر سێ هەزار و 765 سندووق لە 17 ناوچەی ئامەد دەنگ دەدەن.
 
 
ماشەڵڵا دەکاک، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە ئامەد دەڵێت، سەرلەبەیانی قەرەباڵخییەکی زۆر لە بنکەکانی دەنگدان نەبوو، بەڵام پێشبینی دەکرێت دوانیوەڕۆ ژمارەی ئەو کەسانەی روو لە بنکەکانی دەنگدان دەکەن، زیاتر بێت. 
 
وان
 
لە پارێزگای وانی باکووری کوردستان پرۆسەی هەڵبژاردن بە گەرمی بەڕێوەدەچێت و قەرەباڵخییەکی زۆر لە بەردەم بنکەکانی دەنگدان دەبیندرێت.
 
پەروین بوڵدان، هاوسەرۆکی هەدەپە لە پارێزگای وان دەنگی دا و دواتر لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەڤانان گوتی، "تورکیا ماوەیەکی درێژە نادادی گەورەی تێدا دەکرێ، بەڵام لەگەڵ ئەم هەڵبژاردنانەدا کە ئەمڕۆ دەکرێن، هەموومان لە چاوەڕوانی ئەوەداین گۆڕانکاری و وەرچەرخانێكی گەورە رووبدات". 
 
عەبدولسەلام ئاکنجی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو ئاماژەی بەوەکرد، هەر لەگەڵ کردنەوەی بنکەکانی دەنگدان، خەڵکی زۆر روویان تێکردن بۆ ئەوەی دەنگ بدەن. 
 
 
پەیامنێری رووداو گوتی، وان 8 کورسی لە 600 کورسییەکەی پەرلەماندا هەیە و 2 هەزار و 294 سندووق بۆ دەنگدەرانی دانراوە. 
 
شرنەخ
 
شرنەخ پارێزگایەکی دیکەی باکووری کوردستانە، کە هاوسنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆیە لە هەرێمی کوردستان و لە نێوان دانیشتووانی هەردوولا پەیوەندیی خزمایەتی هەیە.
 
بەگوتەی حەیدەر دۆسکی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە شرنەخ، هەندێک لە هاونیشتمانییان کە لە زاخۆ کاردەکەن و ناسنامەی تورکیایان هەیە، لە بنکەیەکی دەنگدان لە سنووری پارێزگای شرنەخ، دەنگیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و پەرلەمانی ئەم وڵاتە داوە.
 
بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، لە هەڵبژاردنی رابردووی تورکیادا دانیشتووانی شرناخ بە رێژەی 82٪ بەشداریان لە هەڵبژاردندا کردووە. حەیدەر دۆسکی گوتی، رەنگە ئەمساڵ تا رادیەک بەشداریکردن لە هەڵبژاردندا بەراورد بە ساڵی 2018 کەمتر بێت.
 
 
شرنەخ چوار کورسی لە 600 کورسییەکەی پەرلەمانی تورکیا هەیە.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە