تورکیا: لە 10 مانگدا 38 کۆچبەر لە دەریای ئیجە خنکاون

12-11-2022
هێمن عەساف
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

فەرماندەیی ئاسایشی کەناراوەکانی تورکیا دەڵێت، لە 10 مانگی ئەمساڵدا 38 کۆچبەر لە دەریای ئیجە خنکاون. 
 
فەرماندەیی ئاسایشی کەناراوەکانی تورکیا کە سەربە وەزارەتی نێوخۆی ئەو وڵاتەیە. ئاماری 10 مانگی ئەمساڵی لەبارەی هەوڵی پەڕینەوەی کۆچبەران لە دەریای ئیجەوە بۆ یۆنان و وڵاتانی دیکەی ئەوروپا بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لەو ماوەیەدا 38 کۆچبەر لە ئیجە خنکاون. 
 
بەگوێرەی ئامارەکە، تیمەکانی فەرماندەییەکە 75 هەزار و 785 جار گەڕانیان بۆ دۆزینەوەی کۆچبەران ئەنجامداوە و 27 هەزار و 98 کۆچبەریان رزگارکردووە. 
 
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، هەر لەو ماوەیەدا 38 کۆچبەر خنکاون و زۆرترین رووداوی خنکانی کۆچبەران لە مانگی ئەیلوولدا بووە کە تێیدا 22 کۆچبەر خنکاون. 
 
لەبارەی دەستگیرکردنی قاچاخچییەوە، فەرماندەیی ئاسایشی کەناراوەکانی تورکیا دەڵێت، لە 10 مانگی ئەمساڵدا 277 قاچاخچی دەستگیرکراون؛ ئەوە لە کاتێکدایە ساڵی رابردوو 80 قاچاخچی دەستگیرکرابوون. 
 
رۆژی 20ی تشرینی یەکەمی 2022، سلێمان سۆیڵو، وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، لە ساڵانی 2020-2022دا 69 هەزار و 375 کۆچبەری نایاسایی لەلایەن هێزەکانی یۆنانەوە بەزۆر گەڕێندراونەتەوە سنوورە ئاوییەکانی تورکیا، ئەوەش دوای ئەوەی لە دەریای ئیجەوە پەڕیونەتەوە. 
 
ساڵانەی ژمارەیەکی زۆر هاونیشتمانی و هاووڵاتیی عێراقی، سووریایی، ئێرانی و ئەفغانستانی و خاوەن وڵاتینامەی چەندین وڵاتی دیکە لە رێگەی دەریای ئیجەوە هەوڵدەدەن خۆیان بگەیێنە وڵاتانی ئەوروپا.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە