رووداو دیجیتاڵ
کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا تۆمەتەکانی کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی گشتیی پارتی گەلی کۆماری - جەهەپە و بەربژێری هاوپەیمانیی میلـلەت بۆ سەرۆکایەتیی کۆمار رەتدەکاتەوە کە رووسیای بەوە تۆمەتبارکردووە دەستوەردان لە هەڵبژاردنەکانی وڵاتەکەیدا دەکات.
دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا - کرێملن رۆژی هەینی، 12ـی ئایاری 2023، رایگەیاند، "بە تووندی ئەو جۆرە لێدوانانە رەتدەکەینەوە (کە گوایە دەستوەردان لە هەڵبژاردنەکانی تورکیادا دەکەین)، رایدەگەیێنین کە هیچ دەستوەردانێک نییە." پێسکۆڤ گوتیشی، "ئەگەر کەسانێک ئەو جۆرە زانیارییانەیان بە بەڕێز کڵچدارئۆغڵو دابێت، راستگۆ نین."
گوتەبێژی کرێملن رایگەیاند، مۆسکۆ پەیوەندییە دوو قۆڵییەکەی لەگەڵ تورکیا بەرز دەنرخێنێت و گوتیشی، "تورکیا هەڵوێستی زۆر بەرپرسیارانە، ژیرانە و سەربەخۆی لەبارەی کێشە ناوچەیی و جیهانییەکان هەیە."
رۆژی پێنجشەممە، 11-5-2023، کەمال کڵچدارئۆغڵو، بەربژێری هاوپەیمانیی میلـلەت بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی کۆمار لە تویتێکدا گوتی، "هاورێیانی ئازیز و خۆشەویستی رووسیا، ئێوە لە پشت ئەو پیلان و ساختەکارییەوەن کە دوێنی لەم وڵاتەدا ئاشکرا بوو. ئەگەر دەتانەوێ دوای 15ـی ئایاریش هەر دۆستی یەکدی بین، دەست لە وڵاتەکەمان هەڵبگرن. ئێمە هێشتا هەر لەگەڵ هاوئاهەنگی و دۆستایەتیی ئێوەداین."
رۆژی 14ـی ئەم مانگە لە باکووری کوردستان و تورکیادا خەڵک لە دوو پسووڵەی جیادا دەنگ بە نوێنەری خۆیان لە پەرلەمان و سەرۆککۆمار دەدەن.
کەمال کڵچدارئۆغڵو، بەربژێری هاوپەیمانیی میلـلەتە و رەجەب تەیب ئەردۆغانیش بەربژێری هاوپەیمانیی جمهوورە. هاوپەیمانیی جمهوور لە ئاکپارتی، مەهەپە، هوداپار، پارتی یەکێتیی مەزن و پارتی یەنیدەن رەفاهـ پێکدێت. هاوپەیمانیی میلـلەت پارتەکانی جەهەپە، ئیی پارتی، سەعادەت، ئایندە، دەڤا و پارتی دیموکرات پێکی دەهێنن.
هەدەپە کە لەسەر لیست و لۆگۆی پارتی چەپی سەوز - یەسەپە بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا دەکات و لە نێو هاوپەیمانیی رەنج و ئازادییە، بەڵام لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماردا پشتگیریی کەمال کڵچدارئۆغڵو دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ