رووداو دیجتاڵ
هاوسەرۆکی گشتیی پارتی دیموکراتی گەلان - هەدەپە، بە جەماوەری پارتەکەی گوت کاتێک پسوولەی دەنگدانیان وەرگرت، لە پارتەکان یەسەپە هەڵبژێرن و لە سەرۆکایەتیی کۆماریشدا دەنگ بە کەمال کڵچدارئۆغڵو بدەن.
لە کۆبوونەوەی جەماوەریی پارتەکەی لە پارێزگای مێرسینی تورکیادا، پەروین بوڵدان، هاوسەرۆکی گشتیی پارتی دیموکراتی گەلان - هەدەپە ئاماژەی بەوە کرد کە لە هەڵبژاردنەکانی 14ی ئایاردا مێژوو دەنووسنەوە و بە هێز و کاریگەرییەوە دەچنە نێو پەرلەمان.
بوڵدان بە ئامادەبووانی گردبوونەوە جەماوەرییەکەی راگەیاند ئەوان لایهنگری گۆڕان و گۆڕانکارین و رایگهیاند: "ئەو نەریتهی لە هەدەپەوە وەرمانگرتووە. لە چەپی سەوزدا درێژەی پێدەدەین. چەپی سەوز، گەرەنتیی ئاشتی، برایەتی، ئاسوودەیی و خۆشگوزەرانیی ئەم وڵاتەیە".
هاوسەرۆکی گشتیی هەدەپە باسی لەوە کرد حکومەت هیچ شتێکی نەماوە لهرێگهیهوه بەڵێن به خەڵک بدات و رەخنەی لە بهڕێوهبردنی ئابووریی تورکیا گرت و گوتی: "بە دڵنیاییەوە لەگەڵ ئەو سەرکەوتنە گەورەیە و ئەو دەستکەوتەی رۆژی 14ی ئایار بە دەستی دەهێنین، بەهار بۆ ئەم وڵاتە دێت. لە پێناو ئەمەدا تەنانەت لەم سێ رۆژەشدا زۆر کار دەکەین. چەپی سەوز دەخەینە هەموو ماڵێکەوە، ئاڵاکەی لە هەموو شوێنیک دەشەکێنینەوە. کاتێک لە رۆژی دەنگدان دەچینە سەر سندووق، کاتێک کە پسووڵەی دەنگدان دەگرین به دەستمانەوە دەڵێن؛ دەنگێک بۆ چەپی سەوز و دەنگێکیش بۆ کڵچدارئۆغڵو. هیچ پارتێکی دیکە لە پسوولەکەدا مەبینن".
گردبوونەوە جەماوەرییەکە بە کۆنسێرتێک بەردەوامبوو. بوڵدان هەروەها بەشداریی لە کۆبوونەوەیەکی دیکەی جەماوەریی لە پارێزگای ئەدەنەی تورکیا کرد و رایگەیاند یەسەپە بە نوێنەرایەتییەکی بەهێزی ئەدەنەوە دەڕواتە پەرلەمان. لەکاتێکدا هەدەپە لە هەڵبژاردنەکەی رابردوودا (2018) لە کۆی 15 کورسیی ئەدەنە دوو کورسیی بەدەستهێنابوو، بوڵدان باسی لەوە کرد کە دوو کورسی بەس نییە و دەبێ ئەمجارە چوار کورسی ببەنەوە.
رۆژی یەکشەممە، 14-5-2023 خەڵکی باکووری کوردستان و تورکیا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و پەرلەمان دەچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ