رووداو دیجیتاڵ
سەندیکای کار و نووسینگەی کاری تورکیا لە داواکارییەکی نووسراویدا کە پێشکێشی دادگای باڵای کردووە، پارتی دۆزی ئازاد (هوداپار)ـی بە پێشێلکردنی 11 بڕگەی دەستووری وڵاتەکە تۆمەتبار کردووە و داوای داخستنی یەکجارەکیی ئەو پارتە دەکات.
لەو نووسراوەی سەندیکای کار و نووسینگەی کاری تورکیا کە داوای داخستنی هوداپار دەکات، باس لەوە کراوە ئەو پارتە پێشێلی هەریەک لە بڕگەکانی 1، 2، 3، 6، 11، 41، 42، 68، 69، 174 و 176 دەستووری کردووە و لە یاسای پارتی سیاسییش لایداوە. سەندیکاکە داوا لە دادگای باڵای تورکیا دەکات هوداپار بە یەکجاری دابخرێت.
لەو داواکارییەدا باس لە تاوانەکانی حیزبوڵڵا و کوشتنی غەفار ئۆککان، بەڕێوەبەری پێشووتری ئاسایشی ئامەد کراوە کە گوایە ئەوان کوشتوویانە. هاوکات باس لەوە کراوە، زەکەریا یاپیجیئۆغڵو، سەرۆکی گشتیی هوداپار گوتوویەتی:"من پێموانیە حیزبوڵڵا رێکخراوێکی تیرۆرستی بێت".
جگە لەوەش ئەو گوتەیەی یاپیجیئۆغڵو وەبیرهێنراوەتەوە کە بەردەوام جەختی لەسەر دەکاتەوە و دەڵێ "دەستەواژەی ئاڵای تورک کێشەیە و گوزارشت لە تەواوی خەڵکی تورکیا ناکات".
غەفار ئۆککان کە ساڵی 2001 کوژرا، لەلایەن زۆرینەی خەڵکی ئامەدەوە خۆشەویستە و ئێستاش ساڵانە یادی دەکرێتەوە. ئەوان دەڵێن؛ هیچ بەڕێوەبەرێکی ئاسایش نەبووە کە تورک بێت و ئەوەندە بۆ کورد باش بووبێت.
هەموو ئەمانە لەکاتێکدان هوداپار لەم هەڵبژاردنەی تورکیادا هاوپەیمانی ئاکپارتییە. هوداپار رۆژی 11ـی ئاداری 2023 رایگەیاند، لە هەڵبژاردنەکانی 14ـی ئایاری ئەمساڵ پاڵپشتی لە رەجەب تەیب ئەردۆغان دەکەن.
پارتی دۆزی ئازاد، ناسراوە بە ھوداپار، پارتێکی ئیسلامیی سوننەی کوردییە و رۆژی 19-11-2012 دامەزراوە. تائێستا بەشداریی لە چوار هەڵبژاردندا کردووە و زیاتر لە 11 هەزار ئەندامی هەیە. لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانیی تورکیادا کە حوزەیرانی 2018 بەڕێوەچوو، 157 هەزار و 324 دەنگی بەدەستهێنا کە 0.31%ـی دەنگەکانی تورکیا بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ