دەستەی هەڵبژاردنەکانی تورکیا ئەنجامی هەڵسەنگاندن بۆ بەربژێرانی 26 حیزب رادەگەیێنێت

11-04-2023
هێمن عەساف
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە 11ی نیسانی 2023، دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا ئەنجامی هەڵسەنگاندنی بەربژێرانی 26 پارتی سیاسیی تورکیا رابگەیێنێت کە بۆ 28مین خولی پەرلەمانی تورکیا ناویان پێشکێش کردووە. 
 
رۆژی 9ی نیسانی 2023، ئەو وادە 15 رۆژییە کۆتاییهات کە بە لایەنە سیاسییەکان درابوو بۆ پێشکێشکردنی لیستەکانیان. لە کۆی 36 پارتی سیاسیی کە مافی بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردنەکان هەبوو، 26یان لیستی بەربژێرەکانیان پێشکێشی دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا کرد. 
 
ئەحمەد یەنەر، سەرۆکی دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاندبوو، رۆژی 11ی نیسان بەپێی مادەکانی 13، 14، 15 و 16 لە یاسای ژمارە 2893ی یاسای تایبەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانتارانی تورکیا، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران هەڵسەنگاندن بۆ یەکە بەیەکەی لیستە پێشکێشکراوەکان دەکەن. لە ئەگەر بوونی هەر کەموکوڕییەکی یاسایی، بە نووسراو ئاگاداری لایەنە سیاسییەکان دەکەنەوە بۆ ئەوەی لە ماوەی 48 کاژێردا چارەسەری بکەن و دواتر پەسندکردنیان بۆ رای گشتیی رادەگەیێن. 
 
ئەو 26 لایەنە سیاسییانەی لیستی بەربژێرەکانیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان پێشکێشکرد ئەمانەن: 
 
پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی)، پارتی گەلی کۆماریی (جەهەپە)، ئیی پارتی (ئیپ)، پارتی بزووتنەوەی میللی (مەهەپە)، پارتی سەوزی چەپ (یەسەپە)، پارتی یەکگرتووی دادپەروەری (ئابەپە)، پارتی دادپەروەری (ئاپە)، پارتی نیشتمانی دایک (ئاناپ)، پارتی تورکیای سەربەخۆ (بەتەپە)، پارتی یەکبوونی مەزن (بەبەپە)، پارتی گەنج، پارتی یەکبوونی هێزەکان (گوچ)، پارتی ماف و ئازادییەکان (هۆپ)، پارتی رزگاریخوازی خەڵک (هالک پە)، پارتی مەملەکەت (مەپە)، پارتی میللـەت (میپ)، پارتی رێبازی میللـەت (میللی)، پارتی چەپ (سۆڵ)، پارتی کرێکاری تورکیا (تیپ)، بزووتنەوە کۆمۆنیستی تورکیا (تەکەهە)، پارتی کۆمۆنیستی تورکیا (تەکەپە)، پارتی وەتەن (ڤەپە)، پارتی سەرلەنوێ خۆشگوزەرانی (رەفاهـ)، پارتی نوێبوونەوە (یەنی پە)، پارتی زافەر (زەپە).    
 
ئەو 10 پارتە سیاسییەکەی دیکە، بە لیستی ئاکپارتی و جەهەپە چوونەتە هەڵبژاردنەکانەوە. هەروەها رۆژی 10ی نیسانی 2023، پارتی تورکیای مەزن (بەتەپە) کشانەوەی خۆی لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان لە بەرژەوەندیی هاوپەیمانی میللـەت راگەیاند. بەمەش تەنیا 25 پارتی سیاسیی دەچنە هەڵبژاردنەکان. 
 
بەگوێرەی رۆژژمێری هەڵبژاردن، رۆژی 14ی ئایاری 2023 هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و پەرلەمانیی تورکیا دەکرێت. 36 پارتی سیاسیی مافی بەشداریکردنیان لەم هەڵبژاردنانەدا هەیە. 
 
هەر لەم هەڵبژاردنەدا 64 ملیۆن و 191 هەزار و 285 دەنگدەر هەن. 60 ملیۆن و 904 هەزار و 499 دەنگدەر لەناوخۆی تورکیا و 3 ملیۆن و 286 هەزار و 786 دەنگدەریش وەک رەوەندی ئەو وڵاتە لە دەرەوەی تورکیا دەچنە سەر سندووقی دەنگدان. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی دەم پارتی

دەم پارتی بۆ دەسەڵاتی تورکیا: دانانی قەییوم نامانترسێنێت

لەبارەی دانانی قەییووم بۆ شارەوانیی دێرسم و شارەوانیی شارۆچکەی پلووری پارێزگای دێرسمی باکووری کوردستان، دەم پارتی بە دەسەڵات دەڵێت، "ئەگەر پێتان وابێت بە دانانی قەییووم پارتەکەمان دەترسێنن، بە هەڵەدا چوون."