رووداو دیجیتاڵ
میدیای فەرمی تورکیا بڵاویکردەوە لە ئۆپەراسیۆنێکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا (MiT) لە ناوچەی گارە لە خاکی هەرێمی کوردستان، بەرپرسێکی باڵای پەکەکە کە لە لیستی سووری داواکراوانی تورکیادا بووە، کراوەتە ئامانج.
ئەو بەرپرسە باڵایەی پەکەکە کە تورکیا دەڵێت، لە ئۆپەراسیۆنەکەدا "کوژراوە"، ناوی نازلی تاشپینارە و ئەندامی کۆنسەی سەرکردایەتیی پارتی کرێکارانی کوردستان بووە.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی ئاژانسی حکومەتی تورکیا لە سەرچاوە ئەمنییەکانەوە وەرگیراون، تیمی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی (MiT) لە میانی هەوڵەکان بۆ بە ئامانجکردنی بەرپرسە باڵاکانی پەکەکە، دوای چاودێریکردن، شوێنی مانەوەی نازلی تاشپنار، کە لەناو پەکەکە ناوی خوازراوی "ئەمینە ئەرجیەس" بووە، دیاریکردووە و تیمە تایبەتەکە لە ئۆپەراسیۆنێکدا کردوویەتییە ئامانج.
بەپێی زانیارییەکانی میدیای فەرمیی تورکیا، نازلی لە ساڵی 1994دا چووەتە ریزەکانی پەکەکە و لەلایەن عەبدوڵڵا ئۆجەلانەوە مەشقی پێکراوە، لەناو رێکخراوەکەدا چەندین پۆستی هەبووە و لە مەشق و راهێنانی ژنانی ناو رێکخراوەکەدا رۆڵی هەبووە.
تاشپینار دوای ئەنجامدانی چالاکی لە ناوخۆی تورکیا، چووەتە هەرێمی کوردستان و ماوەیەک بەرپرسی گشتیی لقی ژنانی (PAJK) بووە و لەساڵی 2019دا چووەتە ناوەندی بەڕێوەبردنی سەربازیی پەکەکە لە ناوچەی گارە.
تاوەکو ئێستا فەرماندەیی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە)، کە باڵی سەربازیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)یە هیچ روونکردنەوەیەکی لەمبارەیەوە بڵاونەکردووەتەوە.
لیستی داواکراوەکانی تیرۆر بەهەمان پۆلین و ستاندەردی نێودەوڵەتیی بەسەر پێنج بەش پۆلین و دابەشکراون، بەپێی ئاستی مەترسییان. پێنج بەشەکەش بەپێی رەنگەکانە پۆلین دەکرێت. ژمارهی ئهو كهسانهی ناویان له لیستی داواکراوانی تیرۆری توركیا ههیه 1079 کەسە.
له لیستی سووردا 135 داواکراو ههن، لیستی شین 87، لیستی سهوز 82، لیستی پرتهقاڵی 97 و له لیستی خۆڵەمێشی 491 داواكراو هەن. لهوانهش 128 کەس لە رێكخراوی چهپی پەڕگیر، 597 پەکەکە، پەیەدە و یەپەگە، 72 داعش و 80 کەسیشیان ئهندامی گرووپی فەتحوڵڵا گولەنن.
تاوهكو ئێستا 12 كهس له لیستی سوور، 16 كهس له لیستی شین، 30 كهس له لیستی سهوز، 156 كهس له لیستی خۆڵهمێشی، تێكڕا 214 داواكراو کوژراون و 18 كهسیان دەستگیرکراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ