تورکیا و پەکەکە ئامارێکی نوێی شەڕ بڵاودەکەنەوە

19-10-2023
هێمن عەساف
نیشانەکردن شەڕی تورکیا و پەکەکە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ناوەندی چاپەمەنی و راگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل - هەپەگە دەڵێت، "لەماوەی چوار رۆژدا 18 سەربازی تورکیا لە هەرێمی کوردستان کوژراون". وەزارەتی بەرگریی تورکیاش رایگەیاند، "لە هەفتەیەکدا 42 گەریلا و شەڕڤان لە باکووری عێراق و سووریا [باشوور و رۆژئاوای کوردستان] کوژراون." 
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی هەپەگە کە ئەمڕۆ پێنجشەممە، 19ـی تشرینی یەکەمی 2023 بڵاوکراوەتەوە، گەریلاکانی پەکەکە لە رۆژانی 15-19ـی مانگدا لە ناوچەکانی زاپ و خواکوڕک، مەتین و ئاڤاشین لە هەرێمی کوردستان رووبەڕووی هێزەکانی سوپای تورکیا بوونەتەوە.
 
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "گەریلاکان لە چەند ناوچەیەک لە هەرێمی کوردستان 15 جار هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی سوپای تورکیا و لە ئەنجامدا 18 سەرباز کوژراون و نۆ سەربازی دیکەش برینداربوون و گورزیان لە دوو هێلیکۆپتەر وەشاندووە."  
 
هەر ئەمڕۆ، لیوا زەکی ئاکتورک، راوێژکاری پەیوەندییەکان و راگەیاندن لە وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "لە یەک ھەفتەی رابردوودا، 42 تیرۆریست لە باکووری عێراق و سووریا کرانە ئامانج. بەمەش ژمارەی ئەو تیرۆریستانەی لەم ساڵدا کوژران، گەیشتووەتە ھەزار و 682 تیرۆریست."
 
ئەم شەڕ و پێکدادانە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکدایە تورکیا ناوی ناوە (چنگ- قوفڵ) کە بەرەبەیانی رۆژی 18ـی نیسانی 2022 لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە دەستیپێکرد.
 
وەزارەتی بەرگریی تورکیا گیانلەدەستدانی 756 گەریلا و کوژرانی 110 سەربازی سوپای وڵاتەکەی راگەیاندووە؛ هەپەگەش کوژرانی سێ هەزار و 51 سەربازی تورکیا و گیانلەدەستدانی 388 گەریلای راگەیاندووە. 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە