رووداو دیجیتاڵ
دادگەی دەستووری تورکیا بڕگەیەکی یاسای تیرۆری هەڵوەشاندەوە و مۆڵەتی چوار مانگی دایە پەرلەمان بۆ هەموارکردنەوەی یاساکە.
بڕیارەکەی دادگەی دەستووری تورکیا ئەمڕۆ هەینی، 8ـی کانوونی یەکەمی 2023 لە رۆژنامەی فەرمی ئەو وڵاتەدا بڵاوکرایەوە.
ئەم بریارە دوای ئەوە هات، دادگەی سزا قورسەکانی پانۆس و دادگەی سزا قورسەکانی 22ـی ئیستەنبووڵ سەردانی دادگەی دەستووری تورکیایان کرد، بە هۆکاری ئەوەی، "کەسێک بە ناوی رێکخراوێکەوە تاوانێک بکات، ئەگەر ئەندامی رێکخراوەکەش نەبێت، بە تۆمەتی ئەندامبوونی رێکخراوەکە سزا دەدرێت."
ئەم دوو دادگەیە دەڵێن، ئەم بڕگەیەی یاساکە پێچەوانەی دەستوورە، داوایان لە دادگەی دەستووری تورکیا کردبوو ئەم یاسایە هەڵبوەشێنێتەوە.
دادگەی دەستووری تورکیا لە بڕیارەکەیدا رایگەیاندووە، بڕگەی شەشی ماددەی 220ـی یاسای سزای تورکیا کە تێدا هاتووە، "ئەو کەسەی بە ناوی رێکخراوێکەوە تاوانێک بکات، بەڵام ئەندامی رێکخراوەکە نەبێت، بەهەمان شێوە بە تاوانی ئەندامبوون سزا دەدرێت و دەکرێت سزای تاوانی ئەندامێتیی رێکخراوەکە بۆ نیوە کەم بکرێتەوە. ئەم خاڵە تەنیا رێکخراوە چەکدارەکان دەگرێتەوە"، دژی دەستوورە و بە کۆی دەنگ هەڵوەشاوەتەوە.
دادگەی دەستوور دەڵێت، واتای دەستەواژەی "بە ناوی رێکخراوەوە" بە روونی پێناسە نەکراوە و ئەمەش کاریگەری لەسەر "ئازادی رادەربڕین" و "مافی خۆپیشاندان و رێپێوان" هەیە.
دادگەی دەستوور داوای لە پەرلەمانی تورکیا کردووە لە ماوەی چوار مانگدا ئەم بڕگەیەی یاساکە بەپێی دەستوور بگۆڕێت.
ئەم بڕگەیە بە گشتی لە دۆسیەی سیاسەتڤانانی کورد و دۆسیەی هەوڵی کودەتا شکستخواردووەکەی 15ـی تەمموزی 2016ـدا جێبەجێ کرا و خەڵکێکی زۆریش بەهۆی ئەوەی کە "ئەندامی رێکخراو" نەبوون، بە تۆمەتی ئەندامبوونی رێکخراو سزا دراون.
کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا پێشتر چەند جارێك داوای لە تورکیا کردووە بە هۆکاری ئەوەی "دەبێتە هۆی نامافی و بڕیاری ئارەزوومەندانە" ئەم یاسایە بگۆڕێت.
دوای بڕیاری دادگەی دەستوور، ئەو کەسانەی پێشتر بەپێی ئەم یاسایە سزادراون، جارێکی دیکە دادگەیی دەکرێنەوە. لەم چوارچێوەیەدا بەهەزاران دۆسیە هەن و پێویستە دادگەکان پێداچوونەوە بە هەموویاندا بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ