رووداو دیجیتاڵ
هاونیشتمانییانی پارێزگای دێرسیمی باکووری کوردستان دەڵێن خانوویان دەستناکەوێت، ئەگەر هەشبێت کرێکەی گرانە.
بەهای خانوو و شوقە لەو پارێزگایەی باکووری کوردستان گەیشتووەتە سێ ملیۆن لیرەی تورکی، کە دەکاتە 105 هەزار و 331 دۆلار، کرێش لەنێوان 8 - 10 هەزار لیرە دەگۆڕێت، کە دەکاتە 280 بۆ 351 دۆلار.
دێرسمیەکان لەم دۆخە ناڕازین و داوا لە خاوەن ماڵەکان دەکەن، لەم بابەتەدا کەمێک بە ویژدان بن.
تەنیا لە دوو ساڵی رابردوودا کرێی خانوو و شوقە لە سەنتەری شار سێ هێندە زیادیکردووە؛ ئەمەش کاریگەریی نەرێنیی لەسەر خەڵکی کەمدەرامەت دروستکردووە.
لە دێرسم قەیرانی نیشتەجێبوون رۆژ لەدوای رۆژ قووڵتر دەبێتەوە. هەڵاوسانی بەرز، نەبوونی خانووی پێویست و داڕمان و زیانگەیشتن بە بەشێک لە خانوو و شوقەکان لە بوومەلەرزەدا هۆکاری سەرەکیی ئەم قەیرانەن.
هاونیشتمانییان و بریکارەکانی خانووبەرە داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەن بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە هەنگاو بنێن.
بەهۆی بەرزیی کرێی خانوو، کێشەی نێوان کرێچی و خاوەن خانووەکان زیادیکردووە. بریکارەکانی خانووبەرە لە چارەسەرکردنی کێشەکان رووبەڕووی کێشە دەبنەوە.
حوسێن تونچ، خاوەنی نووسینگەی خانووبەرە دەڵێت، "لە یاساکان دەڵێن، دەبێت گرانکردنی نرخی خانوو 25% بێت، بەڵام لەبەر ئەوەی یاساکانی ئێمە زۆر لە دواوەی هەڵاوسانن، خەڵک گوێ بەو یاسایانە نادەن. دۆخەکە دەگاتە ئاستی کوشتن. بەهۆی گرانیی کرێی خانوو لە سەرانسەری تورکیادا خەڵکێکی زۆر گیانیان لەدەستداوە؛ یان دەبێت ئەم یاسایە بگۆڕدرێت یان هەڵاوسان کەم بکرێتەوە."
لە ساڵانی رابردوودا بەهۆی نەبوونی هەلی کار و هۆکاری سیاسی و چەندین کێشەی دیکە، کۆچکردن لە دێرسیمەوە بۆ شار و وڵاتانی دیکە لە زیادبووندا بووە.
ئێستا کەمیی خانوو و گرانیی کرێ، گوشارێکی دیکەی خستووەتە سەر خەڵکی شارەکە بۆئەوەی هەوارگەی خۆیان بەجێبهێڵن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ