پەرلەمانتارێکی یەسەپە بۆ کڵچدارئۆغڵو: لە دادگە باجی قسەکانت دەدەیت

07-06-2023
هەوار ئیسماعیل
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

پەرلەمانتارێكی پارتی چەپی سەوز - یەسەپە وەڵامی کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی جەهەپە دەداتەوە کە لە بەرنامەیەکدا بەر لە گەڕی دووەمی دەنگدان بۆ سەرۆکایەتیی تورکیا، ئەو پەرلەمانتارەی تۆمەتبار کردبوو بەوەی خزمەتی دەوڵەتی تورکیا دەکات.
 
سری ساکک، پەرلەمانتاری یەسەپە لە بازنەی ئاگری رۆژی سێشەممە 6ی حوزەیرانی 2023 لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر پۆستێكی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت: ئەگەر کڵچدارئۆغڵو ئەو تۆمەتەی داویەتییە پاڵم بە بەڵگە نەیسەلمێنێ، لە دادگە سکاڵای لەسەر تۆمار دەکەم. 
 
ساکک لەگەڵ بڵاوکردنەوەی پۆستەکەی لە تویتەر تۆماری گوتەکانی کڵچدارئۆغڵوی داناوە و نووسیویەتی، "بەڕێز کڵچدارئۆغڵو بەر لە گەڕی دووەمی دەنگدان تۆمەتی قورست دایە پاڵم. بەهۆی هەستیاری قۆناخەکە و بەهۆی هیواکانی گەل، پێم باش بوو چاوەڕێی ئەنجامی هەڵبژاردن بکەم. کاتێک گوتت من "بە زمانی ئەو" دەیبەمەوە و خۆم لای ناسیۆنالیستەکان شیرین دەکەم، ئەوەی بۆ ئێمە مایەوە زمانە بوختانەکەی ئێوەیە کە هیچ پەیوەندییەکی بە واقیعەوە نییە. سەرەڕای بانگەوازە ئاشکراکەمان و دەیان ساڵ کاری پەرلەمانی، تەنانەت ئەو رێزەت نەبوو قسەکانت راست بکەیتەوە. لە کاتێکدا کاک کەمال زمانی میدیای شەڕی تایبەتی بەرامبەر بە من بەکار دەهێنا، من لە گوندەکانی ئاگری بۆ گەڕی دووەمی هەڵبژاردن کارم دەکرد و هەر لەو قۆناخەدا هەواڵی ئەو حوکمە 5 ساڵ و 10 مانگییەم پێگەیشتبوو بە من درابوو." 
 
کەمال کڵچدارئۆغڵو کە بەربژێری هاوپەیمانیی میللەت بوو بۆ سەرۆکایەتیی کۆمار و هەدەپەش لەسەر ناوی یەسەپە پاڵپشتی دەکرد، چەند رۆژێک بەر لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار کە رۆژی 28ـی ئایار بەڕێوەچوو، بەشداری بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنی کرد لە کەناڵێکی یوتیوب.
 
کڵچدارئۆغڵو لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە سری ساکک گوتی، "گوایە سری ساکک پشتگیریمان دەکات. سری ساکک چ پاڵپشتییەکمان دەکات، چۆن پاڵپشتیمان دەکات؟ ئێمە زۆر باش دەزانین لە قووڵایی دەوڵەتدا چی دەگوزەرێت، کێ خزمەت بە کێ دەکات و کێ لەسەر چ بنەمایەک قسە دەکات."  
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەی هەرسێ پەرلەمانتارەکەی مەهەپە کە دەستیان لەکارکێشاوەتەوە

سێ پەرلەمانتاری مەهەپە دەستیان لەکارکێشایەوە

لەسەر داوای دەوڵەت باخچەلی، سێ پەرلەمانتاری فراکسیۆنی مەهەپە دەستیان لەکارکێشایەوە و پابەندبوونی خۆیان بە بڕیاری سەرۆکەکەیان راگەیاند.