رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی سوپای وڵاتەکەی لە دەرەوەی سنوور کۆتاییان نەھاتووە و تەنیا چاوەڕێی کاتی گونجاو دەکەن بۆ ئەوەی ئۆپەراسیۆنی زیاتر ئەنجام بدەن.
شەوی رابردوو، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و بەربژێری هاوپەیمانیی جمهوور بۆ بوون بە سەرۆککۆمار، بەشداری لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیی میدیای وڵاتەکەی کرد و وەڵامی کۆمەڵێک پرسیاری دایەوە.
لەبارەی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای تورکیا لە دەرەوەی سنووری وڵاتەکەی، ئەردۆغان گوتی، "ئۆپەراسیۆنەکانمان لە دەرەوەی سنوور کۆتاییان نەھاتووە و تەنیا چاوەڕێی کاتی گونجاو دەکەین".
ئەردۆغان ئاماژەی بەوەشکرد، پەکەکە و بزووتنەوەی خزمەت و چەندین رێکخراو و گرووپی دیکە پشتیان بەو هیوایە بەستووە کە کەمال کڵچداروئۆغلو، بەربژێری هاوپەیمانیی میللەت ببێتە سەرۆککۆمار و "بۆیە ھەڵبژاردنەکانی 14ی ئایار لە نێوان ھاوپەیمانیی جمھوور کە خاکی و نەتەوەییە، لەگەڵ ھاوپەیمانیی میللـەت کە هاوپەیمانیی ئاژاوەیە بەڕێوەدەچێت".
بەربژێرەکەی هاوپەیمانیی جمهوور رەخنەی لە کەمال کڵچدارئۆغڵو گرت و بەوە تۆمەتباری کرد کە هیچ رۆژێک وشەی "تیرۆریستی" بەرامبەر پەکەکە بەکارنەهێناوە و گوتیشی، هەڵمەتێکی گەورە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەستی پێکراوە بە مەبەستی پاڵپشتیکردن لە بەربژێرەکەی هاوپەیمانیی میلـلەت.
بەگوێرەی رۆژژمێری هەڵبژاردن، رۆژی 14ـی ئایاری 2023 هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و پەرلەمانی تورکیا دەکرێت؛ 36 پارتی سیاسی مافی بەشداریکردنیان لەو هەڵبژاردنانەدا هەیە؛ 24 پارتی سیاسیی لیستی بەربژێریان بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان هەیە و 12 پارتەکەی دیکەش بەناوی هاوپەیمانییەوە دەچنە هەڵبژاردنەکان.
هەر لەم هەڵبژاردنەدا 64 ملیۆن و 113 هەزار و 941 کەس مافی دەنگدانیان هەیە کە 60 ملیۆن و 697 هەزار و 843 دەنگدەریان لە نێوخۆی تورکیان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ