رووداو دیجیتاڵ
سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە لە یازدەمین دانیشتنی دادگە لە بارەی دۆسیەی رووداوەکانی کۆبانێ رایگەیاند، دوای ئەوەی لەگەڵ ئەحمەد داودئۆغڵو سەرۆکوەزیرانی پێشووتری تورکیا کۆبوونەتەوە، لە ئەنقەرەوە چوون بۆ کۆبانێ لە رۆژئاوای کوردستان.
رۆژی سێشەممە 5ی نیسانی 2022 لە دادگا گەواهیدەرێک بە ناوی کەرەم گۆکئاڵپ ئاماژەی بەوەداوە، "ئەگەر لێدوانەکانی دەمیرتاش نەبووایە رووداوەکانی کۆبانێ روویان نەدەدا و کەسانێک نەدەکوژران" پرسیاری ئاراستەی دەمیرتاش کرد بۆچی چوو بۆ کۆبانێ.
دەمیرتاش پرسی، "کام لێدوانەی من بوون بە هۆکاری سەرهەڵدانی ئەو رووداوانە؟"
دەمیرتاش ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە کە دراونەتە پاڵی و ئاماژەی بەوەدا، "ئەو کاتە لە واشنتن بووم، بەپەلە گەڕامەوە. دوای ئەوەی لەگەڵ ئەحمەد داودئۆغڵو کۆبووینەوە لەگەڵ کامەران یوکسەل لە ئەنقەرەوە چووین بۆ کۆبانێ".
دوای وەرگرتنی گوتەکان، یازدەمین دانیشتنی دادگە لە بارەی دۆسیەی رووداوەکانی کۆبانێ کە لە 28ی ئاداری ئەمساڵەوە دەستیپێکردووە و لە 22ەمین دادگەی سزا قورسەکانی ئەنقەرە بەڕێوەدەچێت، بۆ رۆژی پێنجشەممە 7ی نیسان دواخرا.
رووداوەکانی کۆبانێ کە لە رۆژانی 6-8ی تشرینی یەکەمی 2014 روویاندا، وەک پاساوێکی سەرەکی بۆ هەوڵەکانی داخستنی هەدەپە ئاماژەیان بۆ دەکرێت.
دوای ئەوەی داعش لە ساڵی 2014دا هێرشیکردە سەر کۆبانێ، هەدەپە و ژمارەیەک لە پارتە کوردییەکانی دیکەی باکووری کوردستان داوایان لە حکومەتی ئەو کاتەی تورکیا کرد رێگە بە ناردنی چەک و هاوکاری دیکەی سەربازیی لە تورکیاوە بۆ شەڕڤانان بدات، بەڵام ئەنقەرە رەتیکردەوە.
لە چەند شارێکی باکووری کوردستان خۆپێشاندان دەستیپێکرد، حکومەتیش بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکان قەدەخەی هاتووچۆی راگەیاند.
گرژییەکان زیادبوون و لە ئەنجامدا 46 سڤیل و پۆلیس کوژران، 682 کەس لە خۆپێشاندەران و پۆلیس برینداربوون، 323 کەس دەستگیرکران و هەزار و 113 باڵەخانە سووتێندران.
حکومەتی تورکیا رۆژی 4ی کانوونی دووەمی 2016 ئۆپەراسیۆنێكی بەرفراوانی بۆ سەر هەدەپە دەستپێکرد و هاوسەرۆکان و ژمارەیەکی زۆر لە پەرلەمانتاری ئەو پارتە دەستبەسەرکران و دواتر بەبڕیاری دادگە خرانە زیندانەوە.
لە دۆسیەی رووداوەکانی کۆبانێ بە سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ، هاوسەرۆکانی پێشووتری هەدەپەوە 108 ئەندام و بەرپرسی هەدەپە تێیدا دادگایی دەکرێن و 22 کەسیان ئێستا لە زینداندان.
یەکەم دانیشتنی دادگە لەسەر ئەو دۆسیەیە دوای تێپەڕبوونی 6 ساڵ بەسەر رووداوەکاندا و رۆژی 26ی نیسانی رابردوو لە 22مین دادگای سزا قورسەکانی سینجان لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ