رووداو دیجیتاڵ
لە سنوورە ئاوییەکانی شارۆچکەی بۆدرووم، سەر بە پارێزگای موغڵای تورکیا، 93 کۆچبەری نایاسایی لەنێو بەلەمێکدا دەستگیرکران کە دەیانویست بچنە ئەورووپا.
بە گوێرەی راگەیێندراوێک کە فەرماندەیی ئاسایشی کەناراوەکانی تورکیا رۆژی هەینی 04-10-2024 لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆیان بڵاویکردووەتەوە، تیمەکانی ئاسایش لە شارۆچکەی بۆدرووم 93 کۆچبەری نایاساییان لەنێو بەلەمێکدا کە 28یان منداڵ بوون، دەستگیرکردووە کە دەیانویست لەوێوە بڕۆنە ئیتاڵیا.
هاوکات، هەر لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکەدا سێ کەسی دیکە بەتۆمەتی قاچاخیکردن بە کۆچبەران، دەستبەسەرکران.
دوای جێبەجێکردنی رێکاری یاسایی، کۆچبەرە دەستگیرکراوەکان بەمەبەستی دیپۆرتکرانەوەیان رادەستی فەرمانگەی کۆچی پارێزگاکە کران.
بەپێی ئاماری فەرماندەیی ئاسایشی کەناراوەکانی تورکیا، ساڵی 2023 تیمەکانی فەرماندەیی ئاسایشی کەناراوەکان 75 هەزار و 785 جار هەڵمەتی گەڕان و دۆزینەوەی کۆچبەرانیان کردووە. 27 هەزار و 98 کۆچبەریان لە نێو دەریا و کەناراوەکان دەستگیرکردووە، 305 کۆچبەری برینداریشیان چارەسەر کردووە. هەمان ساڵ، 38 کۆچبەر خنکاون و 277 قاچاخچییش دەستبەسەرکراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ