رووداو دیجیتاڵ
دەستەی ئاماری تورکیا دەڵێت، لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا هەڵاوسانی ساڵانە بۆ 39.59٪ دابەزیوە، بەڵام راپۆرتی گرووپی لێکۆڵینەوەی هەڵاوسان (ENAG) دەڵێ، هەڵاوسانی ساڵانە لە ئایاری ئەمساڵدا 105.45٪ بووە.
دەستەی ئاماری تورکیا ئەمڕۆ دووشەممە، 5ـی حوزەیرانی 2023، قەبارەی هەڵاوسانی مانگی ئایاری 2023ـی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە ئایاری 2023دا بەراورد بە هەمان مانگی ساڵی 2022، رێژەی هەڵاوسان 0.04٪ بووە و رێژەی هەڵاوسانی ساڵانە بۆ ٪39.59 دابەزیوە.
لە ساڵی 2021 ـەوە یەکەمینجارە لە تورکیا رێژەی هەڵاوسانی ساڵانە بۆ خوار 40٪ دابەزێت.
بەڵام بەگوێرەی راپۆرتی گرووپی لێکۆڵینەوەی هەڵاوسان (ENAG) کە هەر ئەمڕۆ بڵاوکرایەوە، هەڵاوسان لە ئایاری ئەمساڵدا بە رێژەی 5.68٪ بەرزبووەتەوە و هەڵاوسانی ساڵانە 105.45٪ بووە.
بەگوێرەی داتاکانی دەستەی ئاماری تورکیا، لە مانگی ئایاری ئەمساڵ بەراورد بە هەمان کات لە 2022 زۆرترین بەرزبوونەوەی نرخ لە کەرتی چێشتخانە و هۆتێلەکان بووە بە رێژەی 68.98٪ ، لە بەرامبەردا کەمترین بەرزبوونەوەی نرخ لە کەرتی پۆشاک و پێڵاو تۆمارکراوە کە رێژەکەی 19.49٪ بووە؛ هەروەها هەڵاوسانی ساڵانەی خۆراک بە رێژەی 52.52٪ بووە.
لە گرووپە سەرەکییەکانی خەرجییەکاندا، ئەو گرووپە سەرەکییەی کە کەمترین زیادبوونی لە مانگی ئایاری 2023دا نیشانداوە بەراورد بە مانگی پێشوو، خانووبەرە بووە بە رێژەی 13.79٪، بەکارهێنانی شێوازی 'نرخی سفر' بۆ نرخی گازی سروشتی کاریگەری لەسەر کەمبوونەوەی خەرجییەکانی نیشتەجێبوون هەبووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ