هوداپار سەرکۆنەی کوژرانی سولەیمانی دەکات و بە کردەوەیەکی تیرۆریستی ناوی دەبات

05-01-2020
هەوار ئیسماعیل
نیشانەکردن قاسم سولەیمانی تورکیا
A+ A-
رووداو-هەولێر

پارتی دۆزی ئازاد- هوداپار کە پارتێكی ئیسلامی کوردییە، سەرکۆنەی کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی سوپای پاسدارانی ئێران دەکات کە رۆژی هەینی 03-01-2020  لە هێرشێکی ئەمریکادا لە بەغدا کوژرا. 
 
ئیسحاق ساغڵەم سەرۆکی گشتیی هوداپار، لە راگەیێنراوێکی فەرمی پارتەکەیدا سەرکۆنەی کوژرانی قاسم سولەیمانی فەرماندەی سوپای قودسی سوپای پاسدارانی ئێران و مەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی کرد و بە هێرشێکی "تیرۆریستی" ناوبرد.
 
سەرۆکی گشتیی هوداپار لە راگەیێنراوەکەدا ئاماژەی بەوەدا، هێرشەکە سەروەری وڵاتێكی سەربەخۆی پێشێلکردووە و ئەمەش پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە. 
 
ئیسحاق ساغڵەم داوای پیشاندانی کاردانەوەی توند دەکات لە بەرامبەر ئەو هێرشە و بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ رەخنە لە پارتە ئیسلامییەکانی تورکیا دەگرێت و دەڵێ، لەکاتێکدا هێرشی دەرەکی دەبێت هاوئاهەنگی و یەکڕیزییان بەهێز بکات، بەداخەوە ئەو هێرشە ئیسلامییەکانی لەیەکتر دوور خستووەتەوە و ئەمەش خزمەتی بەرژەوەندی هێزە ئیمپریالیستەکان دەکات.   
 
بێجگە لە هوداپار، پارتی سەعادەتیش کە پارتێکی ئیسلامییە لە تورکیا سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد. تەمەل کەرەمۆڵڵائۆغڵو سەرۆکی گشتیی پارتی سەعادەت لە یەکەم کاردانەوەیەدا دوای هێرشەکە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا قاسم سولەیمانی بە شەهید ناوبرد و پرسەی سەرەخۆشی لە گەلی ئێران کرد.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە