رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی شەوی رابردوو رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کابینەی نوێی حکومەتەکەی ئاشکرا کرد، دەرکەوت یاریدەدەرەکەی و سێ لە وەزیرانی کابینەکەی بە رەچەڵەک کوردن.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کە لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار لە 28ـی ئایاردا سەرکەوتنی بەدەستهێنا، رۆژی شەممە (3-6-2023) لە پەرلەمانی تورکیا سوێندی یاسایی خوارد، پاشان کاژێر 22:00ـی هەمان رۆژ کابینەی نوێی حکومەتەکەی ئاشکرا کرد.
لە کابینەکەی ئەردۆغاندا چوار کوردن هەن، ئەوانیش یاریدەدەری سەرۆککۆمار و سێ وەزیرن.
جەودەت یڵماز، یاریدەدەری سەرۆککۆمار، خەڵکی پارێزگای چەولیگ ـی باکووری کوردستانە. یڵماز پێشتر وەزیری گەشەپێدان بووە.
محەممەد شیمشەک، کە پۆستی وەزیری گەنجینە و دارایی وەرگرتووە، خەڵکی پارێزگای ئێلیهـ ـی باکووری کوردستانە.
فەخرەدین کۆجا کە لە کابینەی پێشوودا وەزیری تەندروستی بوو، لە پۆستەکەی خۆیدا مایەوە، هاکان فیدان کە ماوەی 13 ساڵە راوێژکار و سەرۆکی دەزگای هەواڵگری (میت) بوو، وەکو وەزیری دەرەوەی تورکیا دەستنیشان کراون.
هەرچەندە هاکان فیدان لە ئەنقەرە لەدایکبووە، بەڵام باس لەوە دەکرێ خەڵکی پارێزگای وانی باکووری کوردستانە.
لە کابینەی نوێی حکومەتی تورکیادا کە لە 17 وەزارەت پێکهاتووە، تەنیا یەک وەزیری ژن هەیە. هەروەها یەکێک لە وەزیرەکانیش لە دایکبووی شاری مێردینی باکووری کوردستانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ