رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێکی پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتدار لە تورکیا دەڵێت هەمووان بە هیواوە چاوەڕوانن هەنگاوەکانی ئاشتی لە تورکیا ئەنجامی باشیان هەبێت و سەرۆککۆمار بڕیاریداوە بەبێ مەرج دەستی برایەتی بۆ هەمووان درێژ بکات . هەروەها زریان رۆژهەڵاتی بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆلینەوەی رووداو گوتی " نیشاندانی پەرلەمان بۆ چارەسەری کێشەکان گرنگترین خاڵی پەیامەکەی ئۆجەلانە".
فارووق کیلیچ، پەرلەمانتاری پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) نوێنەری مێردین لە پەرلەمانی تورکیا لە بەرنامەی (رووداوی ئەمڕۆ)دا گوتی: "شەڕ و رشتنی خوێن وڵاتی وێران کرد، ئێستا هیواخوازین لە ماوەیەکی کەم دا ئەم هەوڵانەی بۆ ئاشتی خراونەتەگەڕ ئەنجامیان هەبێت".
گوتیشی: "ئەردۆغان تێدەکۆشێت بۆ پتەوکردنی برایەتی تورک و کورد و بە بیرکردنەوەیەکی دەوڵەتمەدارانە هەوڵی چارەسەری کێشەکان دەدات".
ئەو گوتانەی کیلیچ لەکاتێکدان لە دوای کۆبوونەوەی شاندی دەم پارتی و عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەسەر پرسی چارەسەریی دۆزی کورد، کۆبوونەوە و دانوستاندن لەو بارەیەوە لە پەرلەمانی تورکیا بەردەوامن. شاندی دەم پارتی کە لە پەروین بوڵدان و سری سوورەییا ئۆندەر پێکدێت، لەگەڵ ئەحمەد تورک، سیاسەتڤانی کورد، لەسەر داوای عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەگەڵ لایەنەکانی تورکیا و رێکخراوەکان لە تورکیا کۆدەبنەوە. دوێنێ ئەو شاندەی دەم پارتی لەگەڵ نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمان و دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە کۆبوونەوە.
لەبارەی بۆچوونی لایەنەکانی نێو پەرلەمانی تورکیا بەرامبەر دوایین پەیامی عەبدوڵڵا ئۆجەلان و روانینیان بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانی ئاشتی پەرلەمانتارەکەی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) گوتی: "لێرەدا ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە ئۆجەلان دەڵێت؛ بە قەناعەتی من ئۆجەلان پێشتریش دەیویست ئەم خوێنڕشتنە بوەستێندرێت، لە پڕۆسەکەی دیکەی چارەسەریش دا هەڵوێستی هەر ئەمە بوو، بەڵام گوێیان پێینەدا، بەڵام لەم دۆخەی ئێستادا من دەڵێم گەلی کورد پەیامەکانی ئۆجەلان لە زەوی ناهێڵێتەوە و دەبێتە هۆی وەستاندنی ئەم خوێنڕشتنە. هەموو لایەنەکانیش پشتیوانی چارەسەری کێشەکان بە رێگەی ئاشتییانە دەکەن و هیچ لایەنێک نایەوێت ناکۆکی و شەڕ و ئاڵۆزی بەردەوام بێت".
سەبارەت بە هەڵوێستی تورکیا بەرامبەر رۆژئاوای کوردستانیش ئەو پەرلەمانتارەی ئاکپارتی دەڵێت، "ناتوانین پرسی کوردانی عێراق، سووریا و تورکیا لە یەکدی جیا بکەینەوە، کاتێک قسە دەکرێت لەسەر هەموویان قسە دەکرێت. روانگەی تورکیا، سەرۆک ئەردۆغان و باخچەلی ئەوەیە کە هەرکەس لەنێو وڵاتی خۆیدا هەندێک ماف بەدەستبهێنێت. ئەم کارانە بە برایەتی بکرێن. گوتەکانی ئەردۆغان و باخچەلی ئەو مانایە دەدەن کە بە پەیەدە دەڵێن، ئەوەتا حکومەتێکی نوێ لەوێ دروستبووە، بەردەنگی (موخاتب) ئێوە حکومەتی نوێیە، ئێوەش لە حکومەتی نوێ دا جێگە بگرن و پێکەوە بسازێن".
فارووق کیلیچ، نوێنەری مێردین لە پەرلەمانی تورکیا لە بەرنامەی (رووداوی ئەمڕۆ)دا کە لە ئەنقەرەوە بەشداریی بەرنامەی (رووداوی ئەمڕۆ) بوو گوتی " تورکیا چارەسەری کێشەی کورد بە بەرپرسیارێتی خۆی دەزانێت و هەمووانیش کۆکن لەبارەی ئەوەی لە چوارچێوەی دەوڵەتی تورکیادا مافی هەمووان پارێزراو و رێزلێگیراو بێت"..
گوتیشی: "هێشتا زووە بۆ ئەوەی باس لە لێبووردنی گشتیی لە تورکیا بکرێت و پێویستە ببینین هەنگاوەکانی ئاشتی و گفتوگۆکان چۆن بەڕێوەدەچن، بەڵام تورکیا وەکو دەوڵەت و سەرۆککۆماریش بە بیرکردنەوەیەکی دەوڵەتمەدارانە هەموو رێگەیەک دەگرنەبەر بۆ تەبایی و چارەسەری کێشەکان".
دوای ئەوەی رۆژی 28/12/2024 شاندێکی دەم پارتی لە ئیمراڵی لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان کۆبوونەوە، دەیانەوێت لەگەڵ هەموو لایەنەکانی نێو پەرلەمانی تورکیا کۆببنەوەو لەو چوارچێوەیەدا شاندەکە لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپە کۆبوونەوە و رۆژی دووشەممە لەگەڵ لایەنەکانی دیکەش کۆدەبنەوە.
هەرچەندە هیچ راگەیێندراوێک لە دوای هەردوو کۆبوونەوەکەی شاندی دەم پارتی بڵاونەکرایەوە لەبارەی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکانەوە، بەڵام دەگوترێت لەو کۆبووانەدا داواکارییەکان و ئامادەییەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ چارەسەری بۆ پارتە سیاسییەکانی نێو پەرلەمان باس دەکرێن.
لە کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندی دەم پارتی لە گرتووخانەی ئیمراڵی، ئۆجەلان چەند پەیامێکی لە رێگەی شاندەکەوە ئاراستەی لایەنە سیاسییەکانی تورکیا کرد و ئامادەیی خۆیشی نیشاندا بۆ هەر هەنگاوێکی ئەرێنی و هەر بانگەوازێک کە پێویستبێت لەوبارەیەوە بیکات.
یەکێک لە خاڵەکانی پەیامەکەی ئۆجەلان ئەوەبوو کە " بۆ سەرکەوتنی ئەو پرۆسەیەی ئێستا هەیە، دەبێت هەموو لایەنە سیاسییەکان بەبێ گوێدانە مامەڵە تەسک و سەردەمییەکان دەستپێشخەری بکەن، بنیادنەرانە مامەڵە بکەن و پشتییوانی ئەرێنی پێشکێش بکەن، بێگومان یەکێك لە گرنگترین زەوینەکانی ئەم پشتیوانییە بریتییە لە پەرلەمان".
لەبارەی ئاماژەدان بە پەرلەمان، زریان رۆژهەڵاتی، بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو لە بەرنامەی (رووداوی ئەمڕۆ)دا گوتی: "نیشاندانی پەرلەمان بۆ چارەسەری کێشەکان گرنگترین خاڵی پەیامەکەی ئۆجەلانە. ئەو دەیەوێت بنەمایەکی یاسایی هەبێت بۆ چارەسەری کێشەکان لە پەرلەمان".
دەوڵەت باخچەلی ساڵی رابردوو دوو جار داوایکرد کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، بێتە پەرلەمان و بانگەوازی "چەکدانان" و " هەڵوەشاندنەوەی" پارتی کرێکارانی کوردستان پەکەکە بکات .
بە گوتەی زریان رۆژهەڵاتی، دۆخی ئێستای رۆژئاوای کوردستان یەکێکە لە پاڵنەرەکانی پێشهاتەکانی باکووری کوردستان و تورکیا و گوتی: "ساڵی 2015 بەهۆی پێشهاتەکانی رۆژئاوای کوردستان پرۆسەی چارەسەری لە تورکیا پەکخرا، ئێستاش بەهەمان شێوە بەهۆی دۆخی سووریا و رۆژئاوای کوردستان جارێکی دیکە قۆناخێکی نوێی گفتوگۆ و هەوڵی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان سەریهەڵداوەتەوە".
زریان رۆژهەڵاتی کە شارەزای بارودۆخی باکووری کوردستان و تورکیایە دەڵێت "پێناچێت لەم قۆناخەدا مافی کورد لە دەستووری تورکیادا باسبکرێت، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت تورکیا رەزامەندی نیشانبدات بۆ زیادکردنی دەسەڵاتی شارەوانییەکان و پیادەکردنی جۆرێک لە سیستمی لامەرکەزی رانەگەیێندراو وەکو بەشێک لە رێککەوتنی دەوڵەت لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان و ئۆجەلان" .
هەروەها گوتیشی: "پەکەکە و ئۆجەلان ئێستا خوازیاری چارەسەرێکی دیموکراتین لە نێوخۆی دەوڵەتی تورکیا و لایەنەکانی دیکەی تورکیاش گرفتیان لەگەڵ ئەم جۆرە چارەسەرە نابێت".
رۆژی هەینی 3/1/2025 یڵماز تونج، وەزیری دادی تورکیا گوتی، شەڕی نێوان سوپای تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان دووچاری زەحمەتیی زۆری کردوون؛ ئاماژەی بەوەشکرد کە ''لە دەستپێکی تورکیایەکی بێ تیرۆرداین". هەروەها باسی دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و سووریای کرد و گوتی ''بە دۆخێکی مێژووییدا تێدەپەڕین".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ