ئەردۆغان: لە سووریا خۆرێکی نوێ هەڵدێت

دوێنێ کاژێر 11:59
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئاکپارتی و سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی سووریا رەخنەی لە ئۆپۆزیسیۆنی وڵاتەکەی گرت و راشیگەیاند لە سووریا خۆرێکی نوێ هەڵدێت. 
 
کۆبوونەوەی ئاکپارتی ئێوارەی ئەمڕۆ (4-1-2025) لە پارێزگای بۆڵو بەڕێوەچوو و تێیدا ئەردۆغان گوتارێکی پێشکێشکرد.
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان وەڵامی ئەو رەخنانەی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)ـی لەبارەی سیاسەتی دەرەوەی تورکیا دایەوە و گوتی، "ئەوان هێز و ستافێکی وەهایان نییە بتوانێت پێشهاتەکانی ناوچەکە شرۆڤە بکات. لە باشووری سنوورەکانمان دا مێژوو سەرلەنوێ دەنووسرێتەوە. سیاسەتڤانانی جەهەپە تەنانەت هەوڵی تێگەیشتن لە رووداوەکانیش نادەن. ئۆزگوور ئۆزەل بە ئێمەی دەگوت، بڕۆنە سووریا. باشە چی روویدا؟ ئێمە هەنگاومان بەرەو سووریا نەنا، بەڵام لە هەموو روویەکەوە لێکۆڵینەوەمان لەسەر سووریا کرد و گەیاندمانە ئەو سووریایە ئێستا." 
 
ئەردۆغان جەختی لەوە کردەوە جەهەپە لە قەیراندایە و "تەنیا رێگری و رەخنە بووەتە دوو پیشەیان."
 
سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێ ''جەهەپەییەکان لە ئێمەیان دەپرسی چ کارێکمان لە سووریا، لیبیا و عێراق دا هەیە؟ جگە لەمە هیچ سیاسەتێکی دیکەیان نەبووە." 
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی ئاکپارتی و سەرۆککۆماری تورکیا پێش ئەو کۆبوونەوەیەی پارێزگای بۆڵو، لە پارێزگای سامسون گوتاری دا. 
 
ئاکپارتی ئامادەکاری بۆ هەشتەمین کۆنگرەی ئاسایی دەکات و ئەردۆغان بەردەوام لە پارێزگا جیاوازەکاندا گوتار پێشکێش دەکات.

 

 

 

 

 
  
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە