وەزیری بازرگانیی تورکیا: نزیکەی 40 هەزار پەنابەری سووریایی گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان

05-01-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری بازرگانیی تورکیا رایگەیاند، لەدوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد، نزیکەی 40 هەزار پەنابەری سووریایی لە تورکیاوە گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان. راشیگەیاند کارئاسانی بۆ ئەو پەنابەرانە دەکەن کە دەیانەوێت بگەڕێنەوە.
 
رۆژی شەممە 04ـی کانوونی دووەمی 2025، عومەر بۆڵات، وەزیری بازرگانیی تورکیا سەردانی دەروازەی سنووری دەروازەی سنووری جیلڤەگۆزو لەنێوان شاری هاتای تورکیا و سووریای کرد و لەوێ رایگەیاند، لە 8ـی کانوونی یەکەمی رابردووەوە، کە هاوکاتە لەگەڵ رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، نزیکەی 40 هەزار پەنابەری سووریایی گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان.
 
پارێزگای هاتای سێ دەروازەی لەگەڵ سووریا هەیە، بە گوتەی وەزیری بازرگانیی تورکیا تاوەکو ئێستا تەنیا لەو سێ خاڵە سنوورییەوە، 27 هەزار و 941 پەنابەر گەڕاونەتەوە بۆ سووریا. 
 
وەزیری بازرگانیی تورکیا دەڵێت، زۆربەی پەنابەرانی سووریا دەیانەوێت بزانن دۆخی وڵاتەکەیان چۆنە، ئینجا بڕیار لەسەر گەڕانەوە یان مانەوەیان دەدەن، بۆ ئەو مەبەستەش، تورکیا رێکارێکی نوێی گرتووەتەبەر بەوەی رێگە بە هەموو پەنابەرێکی سووریایی دەدات بەشێوەیەکی کاتی بگەڕێتەوە بۆ سووریا، پەنابەران دەتوانن لەنێوان سێ بۆ شەش مانگ بمێننەوە و دواتر بڕیاری کۆتایی بدەن.
 
تورکیا نزیکەی 900 کیلۆمەتر سنووری لەگەڵ سووریا هەیە و بەگوێرەی میدیای فەرمی سووریا، رۆژی شەممە لەئەنجامی کۆبوونەوەی شاندی تورکیا و دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا، ئیدارەی نوێی ئەو وڵاتە دەسەڵاتی تەواوی لە چوار خاڵی سنووری لە باکووری پارێزگەی حەلەم گرتەدەست کە پێکدێن لە جەرابلووس، راعی، باب سەلامە و حەمام، کە پێشتر لە ژێر کۆنترۆڵی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە سوپای سووریای ئازاد دا بوون.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کەسێک لیرەی تورکی لە دەستە و دەیژمێرێت.

کەمترین مووچەی خانەنشینانی تورکیا دیاریکرا

وەزارەتی کار و بیمەی کۆمەڵایەتیی تورکیا کەمترین مووچەی خانەنشینانی سەر بە دامەزراوەکانی بیمەی کۆمەڵایەتی (SSK) و بیمەی کۆمەڵایەتیی کۆماری تورکیا (Bag-Kur)ـی راگەیاند.