داودئۆغڵو لە یەکەم کۆنگرەی پارتەکەی: نە کەجەکە و نە قەییوم

01-11-2020
کۆسار عوسمان @KassoOsman
ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکی پارتی ئایندە لە کاتی پێشکەشکردنی گوتاردا لە کۆنگرەی پارتەکەیدا / وێنە: شەوکەت هەرکی - رووداو
ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکی پارتی ئایندە لە کاتی پێشکەشکردنی گوتاردا لە کۆنگرەی پارتەکەیدا / وێنە: شەوکەت هەرکی - رووداو
نیشانەکردن پارتی ئایندە
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پارتی ئایندە بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد داودئۆغڵو دوای ئەوەی رێکخستنەکانی خۆی لە شار و شارۆچکەکانی تورکیا تەواو کرد، کۆنگرەی ئاسایی خۆی لە ئەنقەرەی پایتەخت بەست. ئەحمەد داودئۆغڵو سەرۆکی گشتیی پارتەکە گوتارێکی پێشکەشکرد کە لە بەشێکیدا باسی لە کورد و زمانی کوردی کرد. 
 
داودئۆغڵو لەبارەی گوشارەکانی ئاکپارتی و مەهەپە لە پرسی کورد و زمانی کوردی، بەتایبەتیش ئەو رەخنانەی ئاراستەی خۆی دەکرێن  گوتی، "عەقڵێکی سیاسی کە دەستەواژەی 'سەرۆک ئەحمەد' بە سووکایەتی بەکاردەهێنێت، ئاخۆ ئەمە شیاوە بە یەکسانی و دیموکراسیەت بۆ هاووڵاتییانی کوردمان لە کۆماری تورکیادا. من جارێکی دیکە بە هزری ئەو کۆمارەی تاجی دیموکراسیی کراوەتە سەر دەنگهەڵدەبڕم. یونس ئێمرە بە زمانی تورکی و فەقێی تەیران بە زمانی کوردی گەنجینەی هەمان جیهانی واتان کە بە زمانی جیاواز هۆنراونەتەوە."
 
سەرۆکی پارتی ئایندە کە پێشتریش چەند جارێک لە بابەتەکانی قەییومی سەر شارەوانییەکانی هەدەپە حکومەتی تورکیا و پەکەکەی تۆمەتبارکردووە، گوتی، "ئێمە نە دەڵێین کەجەکە، نە دەڵێین قەییوم."
 
لە کۆنگرەکەدا سەرۆکی چەند پارتێکی دیکە بانگهێشت کراون و، هاوکات هاونیشتمانیی کوردیش ئەندامی پارتەکەن.
 
هەروەها داودئۆغڵو لەبارەی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپەوە گوتی، "ئەگەر دەتەوێ بەرەنگاری جوداخوازی ببیتەوە، بڕۆ بەرەنگاری ئەوانە ببەوە کە نامەیان لەلایەن ئاپۆوە دەهێنا. هەروەها بەرەنگاری ئەوانە ببەوە کە عوسمان ئۆجەلانی برایان هێنایە سەر شاشەی تەلەڤزیۆن کە بە پلەی سوور داواکراوە."
 
هەروەها داودئۆغڵو باسی لەوە کرد، "ئەوان دەیانەوێت تورکەکان دەنگ بە پارتێک بدەن، کوردەکان پارتێک و سوننەکان یان عەلەوییەکانیش پارتێک، بەڵام ئێمە وەکو پارتی ئایندە لەسەر بنەمای شکاندنی ئەم رێچکەیە دەستمانپێکرد. ئێمە مۆڵەت نادەین تورکیاش هاوشێوەی عێراق، سووریا و لوبنان لەسەر بنەمای پێکهاتە و مەزهەب لێک جیاببێتەوە."
 
 
هاوکات شەفیق کەریم ئۆغلی، ئەندامێکی کوردی پارتی ئایندەیە و دەڵێت، "دەمانەوێت نوێ ببینەوە، سەربکەوین و کۆماری تورکیا بەهێز بکەین." ئۆغڵی لەبارەی ئەو گلەییانەوەی کە لە داود ئۆغڵو دەکرێن بەوەی لە سەردەمی سەرۆکوەزیرانییەکەیدا کاری بۆ کوردی تورکیا نەکردووە، دەڵێت، "نا، نەیانهێشتووە کار بکات."
 
ئەو ئەندامە کوردەی پارتی ئایندە دەڵێت، "ئێمە دەمانەوێت دیموکراسی هەبێت، هەرکەس بە زمانی خۆی قسە بکات."
 
شاهین سوڵهان، سەرۆکی لقی شرناخی پارتی ئایندە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "سەرۆکی پارتەکەمان پەیامی گرنگی بۆ تورکیا و پرسی کورد و بابەتی ئابووری دەبێت."
 
هەر جارێک لە تورکیا پارتێکی تازە دادەمەزرێت کوردان بە گەرموگوڕی پەیوەندیی پێوە دەکەن و لەنێو هۆڵی کۆنگرەی پارتی ئایندەدا ژمارەیەکی زۆر کورد بەشدارن.
 
عەبدولباقی پۆڵات، سەرۆکی لقی باتمانی پارتی ئایندە بە رووداوی راگەیاند، "هۆکاریی زۆریی کوردان لە پارتەکەدا ئەوەیە کە ئەحمەد داود ئۆغڵو بۆ چارەسەری کێشەی کورد و مافی مرۆڤ کەسێکی میهرەبان و بەویژدانە. کوردەکان باوەڕیان پێ هێناوە کە چارەسەری کێشەی کوردان بەو دەکرێت."
 
داودئۆغڵو لە پرسی سووریا و رۆژئاوای کوردستاندا گەلێک رەخنەی لێدەگیرێت و هەروەها دەشگوترێت لە سەردەمی سەرۆکوەزیرانیی ئەودا هیچ شتێکی بۆ کوردان نەکردووە.

 

 
عەبدولباقی پۆڵات باسی لەوە کرد، "خەڵکی ئێمە لە سەردەمی سەرۆکوەزیرانیی ئەودا باش ئەویان نەناسیوە. بە بڕوای من ئەگەر ئەحمەد داود ئۆغڵو نەبووایە رەوشی شارە کوردییەکان خراپتر دەبوو. هەر لەبەر ئەوەیە کوردەکان دەیانەوێت سیاسەتێکی نوێ تاقی بکەنەوە."
 
پۆڵات لەبارەی پلانی حیزبەکەیەوە بۆ پرسی کورد ئەوەی خستەڕوو، لە پەیرەوی حیزبەکەیاندا زمانی زگماکی بە ماف دانراوە و مافی تورکێک و عەرەبێک چی بێت، هی کوردێکیش ئەوە دەبێت.
 
دوای ئەوەی 13ی ئەیلوولی 2019 دەستی لە ئاکپارتی کێشایەوە، ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری تورکیا، رۆژی 2019/12/19 پارتی ئایندەی راگەیاند. 
 
ئەو پارتە لە پرسی کورد و سیاسەتی قەییومکردنی شارەوانییەکانی هەدەپە لە باکووری کوردستاندا هەم ئاکپارتی و هەم پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) تۆمەتباردەکات. 
 
ئەحمەد داودئۆغڵو لە مامەڵەکردن و پێدانی ماف بە گەلی کورد رەخنە لە سیاسەتی حکومەت دەگرێت. لەولاشەوە هەندێک لایەن رەخنەی ئەوە ئاراستەی داودئۆغڵو دەکەن کە لەو ماوەیەی سەرۆکوەزیرانی تورکیا بووە هەوڵوێستێکی باشی بەرامبەر بە کورد نەبووە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی دەم پارتی

دەم پارتی بۆ دەسەڵاتی تورکیا: دانانی قەییوم نامانترسێنێت

لەبارەی دانانی قەییووم بۆ شارەوانیی دێرسم و شارەوانیی شارۆچکەی پلووری پارێزگای دێرسمی باکووری کوردستان، دەم پارتی بە دەسەڵات دەڵێت، "ئەگەر پێتان وابێت بە دانانی قەییووم پارتەکەمان دەترسێنن، بە هەڵەدا چوون."