رووداو دیجیتاڵ
شڤان پەروەر، هونەرمەندی ناوداری باکووری کوردستان سکاڵای لەسەر ئیبراهیم تاتڵیسەس تۆمارکرد، بەو هۆیەشەوە سەروەت و سامانی تاتڵیسەس دەستی بەسەردا دەگیرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە 1ی ئابی 2022 ئۆنور ئاکای، هونەرمەند و تێکستنووسی گۆرانی، بەڵگەنامەکانی رەهنی سەبارەت بە سەروەت و سامانی ئیبراهیم تاتڵیسەس بڵاوکردەوە.
ئۆنور ئاکای لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەیەکی تورکی رایگەیاندووە، ئیبراهیم تاتڵیسەس قەرزاری شڤان پەروەرە و پەروەریش سکاڵای لە دژی تۆمار کردووە و ئێستا دۆسیەکەیان لە دادگەیە.
ئاکای ئاماژەی بەوەش داوە، شڤان پەروەر لەو سکاڵایە سەرکەوتوو بووە کە لە ساڵی 2014 لە دژی ئیبراهیم تاتڵیسەس تۆمار کرابوو و گوتی، "بەڵام سەرەڕای بردنەوەی مافی کۆپی رایت، هیچ بڕە پارەیەک لەلایەن ئیبراهیم تاتڵیسەسەوە بە شڤان پەروەر نەدراوە."
بە گوتەی ئاکای، "تاتڵیسەس کە وەبەرهێنانی لە زۆر بواردا هەیە و زیانی ماددیی زۆر بەرکەوتووە، هەروەها کۆمپانیاکانی و کەبابخانەکەی قەرزی كارەبا و گازی سرووشتییان لەسەرە، بە واتایەکی دیکە زانیومە کە ئیبراهیم تاتڵیسەس بڕی 120 ملیۆن لیرە قەرزداری دەوڵەتە. هەروەها زانیومە کە بەهۆی ئەو قەرزانەوە دەستگیراوە بەسەر هەموو سەروەت و سامانی تاتڵیسەسدا."
ئەمەش لە کاتێکدایە، مانگی رابردوو دوای ئەوەی ئەحمەد تاتڵیسەسی کوڕی، سکاڵای تۆمارکرد و بە دادگەی راگەیاند، باوکی بیروهۆشی لەسەر خۆی نەماوە، دادگە قەدەخەی مامەڵەکردنی خستە سەر موڵکەکانی ئیبراهیم تاتڵیسەس و هەردوو لایەن چاوەڕێی ئەنجامی بڕیاری دادگە دەکەن.
ئیبراهیم تاتڵیسەس خاوەنی زیاتر لە 40 ئەلبوومی گۆرانییە و زیاتر لە 40 فیلمیشی هەیە. رۆژی 4ی ئاداری 2011 لە ناوچەی شیشلیی ئیستەنبووڵ لەلایەن دووژمنەکانیەوە دەستڕێژی گوللـەی لێکرا و بە سەختی بریندار کرا. هەرچەندە لە ژیاندا مایەوە، بەڵام ناتوانێت وەکو جاران گۆرانی بڵێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ