پەرلەمانتارێکی سووریا بۆ رووداو: سوپای وڵاتەکەمان لە دەوروبەری حەلەب ماوە

30-11-2024
سیروان عەباس
نیشانەکردن شەڕ لە سووریا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

پەرلەمانتارێکی سووریا، لەبارەی شەڕ و ئاڵۆزییە نێوخۆییەکانی سووریا قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی "گرووپە چەکدارەکان چوونەتە نێو حەلەبەوە."
 
حەسەن میسلیت، پەرلەمانتاری سووریا بە تەلەفۆن میوانی بووڵتەنی رۆژئاڤای تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە دلبخوین دارا پێشکێشی دەکات. لەبارەی دۆخی ئێستای حەلەبەوە گوتی "گرووپە چەکدارە تیرۆریستان چوونەتە نێو حەلەب و چەند گەڕەکێکیان داگیرکردووە."
 
میسلیت هەروەها گوتی "ئێستا سوپای دەوڵەتی سووریا لە دەوروبەری حەلەب هەن و دەگەڕێنەوە نێو شارەکە و کۆنترۆڵی دەکەنەوە."
 
لەبارەی هاوپەیمانیێتیی نێوان سووریا و رووسیاش ئاماژەی بەوەدا، "رووسیا هاوپەیمانی حکومەتی سووریایە، هەرگیز ئێمەی بەتەنیا جێنەهێشتووە."
 
لە رۆژی چوارشەممەی رابردووەوە، بارودۆخی نێوخۆی سووریا ئاڵۆزتر بووە، ئەمە دوای ئەوەی دەستەی تەحریری شام و گرووپە چەکدارەکان دەستیان بە هێرشێکی کتوپڕ بۆ سەر شاری حەلەب و دەوروبەری کرد. 
 
سوپای سووریا پاشەکشەی لە ناوچەکە کرد، بەڵام فڕۆکەکانی سوپاکە و رووسیا دەستیان بە بۆردوومانکردنی ئەو ناوچانە کردووە. 
 
تاوەکو ئێستا ژمارەی ئەو کەسانەی لە پێکدادانی نێوان سوپا و گرووپە چەکدارەکانی سووریا کوژراون گەیشتووەتە 327 کەس. 
 
کوژراوانی دەستەی تەحریری شام و گرووپەکانی هاوپەیمانی گەیشتوونەتە 183 کەس و ژمارەی کوژراوانی سوپای سووریاش گەیشتووەتەوە 100 کەس؛ هەروەها 44 کەسی سیڤیلیش لەنێو کوژراواندا هەن.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە