رووداو دیجیتاڵ
ئەحمەد شەرع، فەرماندەی گشتیی دەستەی تەحریری شام دەڵێت، "بەهیچ شێوەیەک رێگە نادەین هێزی چەکدار لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت هەبێت، جا ئەوانە چ گرووپە شۆڕشگێرەکان بن، یانیش ئەو گرووپانەی لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی هەسەدەن. هاوکات، وەزیری دەرەوەی تورکیا داوای هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و یەپەگە دەکات.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 22ـی کانوونی یەکەمی 2024، ئەحمەد شەرع، فەرماندەی گشتیی دەستەی تەحریری شام و هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە دیمەشق کۆبوونەوە. دوای کۆبوونەوەکە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانییان سازکرد.
سەرکردەی دیفاکتۆی سووریا لەبارەی لەچەک داماڵینی گرووپە چەکدارەکان، دەڵێت: "دەبێت ئەم بابەتە بە زووترین کات کۆتایی بێت. کاری لەپێشینەمان گەڕاندنەوەی چەکە بۆ ژێر دەسەڵاتی وڵات."
ئەحمەد شەرع رایگەیاند، تورکیا دۆستی گەلی سووریایە و "لە سەرەتای شۆڕشەوە لەگەڵمان وەستاوە. لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا باسمان لە بەهێزکردنی حکومەتی داهاتووی سووریا کرد."
ئەحمەد شەرع ئاماژەی بەوەکرد، تورکیا دۆستی گەلی سووریا بوو، لە سەرەتای شۆڕش لە پاڵ گەل بوو. سووریا-ش ئەمە لەیاد ناکات. ئیشاڵڵا پەیوەندیی ستراتیژی بونیاد دەنێین کە شایەنی ئاست و پێگەی هەردوو وڵات بێت.
هاوکات، هاکان فیدان رایگەیاند، خۆشحاڵم بە سەردانم بۆ دیمەشق، دروود بۆ گیانی هەموو ئەو هاووڵاتییە سوورییانەی لە ماوەی 61 ساڵی دەسەڵاتی رژێمی بەعس بوونە قوربانی. هەروەها دروود بۆ گیانی هەموو ئەو شەهیدانەی لە 14 ساڵدا بۆ ئازادیی سووریا خەباتیان کرد.
هاکان فیدان گوتی: "هیوادارم لەمەودوا سەرجەم پێکهاتە جیاوازەکانی سووریا لە ئارامی و سەقامگیریدا بژین، گەل و حکومەت و سەرۆکی تورکیا هەمیشە لەپاڵ ئێوەدان."
وەزیری دەرەوەی تورکیا رووی قسەکانی دەکاتە گەلی سووریا و دەڵێت: "برایان و خوشکان، ئەمە سەرکەوتنی ئێوەیە موڵکی کەسی دیکە نییە، بۆیە دەکرێ خۆتان ئارامی و سەقامگیری، دژ بە تیرۆر و ئابوورییەکی بەهێز بونیاد بنێن بۆ ئەوەی خەڵکی لە سایەیدا بحەسێتەوە."
"باسمان لە گرنگی تەواوکردنی قۆناخی حکومەتی راگوزەر کرد، پێداگریمان لەوەکردەوە ئاسایش و سەقامگیری لە ریزبەندی یەکەمی کارە هەرە لەپێشینەکانتان بێت، بۆ ئەمەش پێویستە ژێرخانی متمانە دابمەزرێت، سەروەری یاسا و کەمینەکان پارێزراو بێت، سووریایەکی گشتگیر، یەکسان ودادپەروەر دابمەزرێت."
هاکان فیدان: ئەو گەمارۆیانەی خرابوونە سەر سووریا لابدرێن
فیدان دەڵێت: "وەک تورکیا لە بابەتی سەرلەنوێ بونیادنان و پێدانی ئەزموونی دامەزراوەیی ئامادەین و لە رێگەی دامودەزگا تایبەتەکانمانەوە هەموو ئەرکێکی سەرشانمان بەجێ دەگەیێنین."
دەشڵێت: "لەو باوەڕەداین ئەو بەڵێنانەی دەسەڵاتی نوێ داویەتی، پێویستی بە کات و هەوڵی جیاوازە. ئەو گەمارۆیانەی بەسەر سووریای کۆن سەپێندرابوو، مەرجە ئەمڕۆ کۆتاییان پێ بێت بۆ ئەوەی رێ خۆش بکرێت دەست بە ئاوەدانی بکرێت و ئاوارە و پەنابەرانیش بگەڕێنەوە."
هاکان فیدان: دەبێ پەکەکە/یەپەگە خۆی بە زووترین کات هەڵبوەشێنێتەوە
وەزیری دەرەوە تورکیا، داوا لە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی و جیهانی دەکات، پەیوەندی لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی سووریا پەرە پێبدەن.
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژە بەوە دەکات، "لە دیداری ئەمڕۆماندا ئیرادە و خواستی تورکیامان بۆ پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سووریا پشتڕاست کردەوە. لێرەوە پێداگری لەوە دەکەین نابێ پەکەکە/یەپەگە لە داهاتووی سووریا پێگەیان هەبێت. ئەم رێکخراوە تیرۆریستییە دووژمنی گەلی سووریایە، خاکی سووریای داگیرکردووە و سامانەکانی دزیوە و دەدزێت."
"لە کۆبوونەوەکەدا ئیرادەی بەهێزی هەردوولایەنم بەدیکرد لە پرسی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر. دەبێ پەکەکە/یەپەگە خۆی بە زووترین کات هەڵبوەشێنێتەوە. هاوکات ئامادەین بەهێزترین پشتیوانی پێشکێش بکەین بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش. رێگە نادەین پەکەکە/یەپەگە ئەم دۆخە بۆخۆی بقۆزێتەوە و خۆی بەسەر گەلی سووریادا بسەپێنێت دوای ئەوەی لەژێر ستەمی بەعس رزگاریان بوو."
ئەحمەد شەرع: ژێرخانی ئابووریی سووریا وێران بووە
ئەحمەد شەرع دەڵێت، لە 14 ساڵی رابردوودا نیوەی سووریا ئاوارە و پەنابەربوون، ژێرخانی ئابووری وێران بووە و ئاڵنگاری زۆر هەیە رووبەڕووی وڵات دەبێتەوە.
دەشڵێت: "پێویستە زلهێزەکان لەسەر بنەما سەرەکییەکانی سووریا رێککەون؛ هاوکارمان بن بۆ گەڕاندنەوەی سەقامگیری، هەنگاو بەهەنگاو دەستمان بگیرێت بۆ چارەسەرکردنی کێشە ئابوورییەکان تاوەکو دەگاتە ئاستی هاوکاریکردن بۆ ئاوەدانکردنەوە."
"پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی کۆتایی بەو گەمارۆیانە بهێنێت کە بەهۆی رەفتارە دڕندانەکانی رژێمی تاوانکار بەسەریاندا سەپێندرابوون. ئەمڕۆ جەلاد نەما، قوربانییەکە ئازادە، بۆیە ناکرێ ئەم سزایانە بمێننەوە. لە 1979ـەوە سزای جۆراوجۆر بەسەرماندا سەپێندراوە بۆ ئەوەی دۆخەکە باشتر بکەین."
هاکان فیدان: پەکەکە/یەپەگە سێیەکی سووریای داگیرکردووە
هاکان فیدان، جارێکی دیکە قسەکانی دەباتەوە سەر پرسی بوونی پەکەکە لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا (رۆژئاوای کوردستانیش) و دەڵێت: "پەکەکە/یەپەگە سێیەکی سووریای بە نایاسایی داگیرکردووە، دەستی بەسەر سامانیدا گرتووە، بە هێنانی تیرۆریستان لە ئێران، تورکیا، عێراق و ئەورووپا ناوچەکەی کردووەتە لانکەی تیرۆر."
دەشڵێت: "ئەم رێکخراوە تیرۆریستییە، پاسەوانیی بۆ پاشماوە بیانییەکانی داعش دەکات و لە گرتووخانە دەیانپارێزێت و ئەوانیش لە بەرامبەردا پشتیوانی لێدەکەن. لە سووریای ئەمڕۆدا هەڵسەنگاندن بۆ کاری دەسەڵاتی نوێ لەمبارەیەوە دەکەین و گوێمان لە ئەحمەد شەرع گرت و تێڕوانینەکانیانمان بینی."
ئەحمەد شەرع: رێگە نادەین هێزی چەکدار لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت هەبێت
ئەحمەد شەرع، کە فەرماندەی گشتیی دەستەی تەحریری شامە دەڵێت، "بەهیچ شێوەیەک رێگە نادەین هێزی چەکدار لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت هەبێت، جا ئەوانە چ گرووپە شۆڕشگێرەکان بن، یانیش ئەو گرووپانەی لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی هەسەدەن."
باسی لەوەشکرد، بەر لە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکە، لەگەڵ سەرجەم گرووپە چەکدارەکان رێککەوتین، دوای تەواوبوونی ئۆپەراسیۆن و دەستپێکردنی قۆناخی نوێ، دەبێ هەموو هێزەکان لەژێر وەزارەتی بەرگری و لە ژێر فەرمانی یەک فەرماندەی گشتی کۆببنەوە.
هاکان فیدان بۆ ئەحمەد شەرع: پەیامی پاڵپشتیی سەرۆککۆمارم هێناوە
لە وەڵامی پرسیاری ئایا تورکیا چۆن هەڵسەنگاندن بۆ جۆری پێکهاتە و هەنگاوەکانی حکومەتی راگوزەری سووریا دەکات؟ فیدان گوتی: "ئەحمەد شەرع و هاوڕێیەکانی وێنەیەکی روونیان لەبارەی دید و تێڕوانینیان بۆ چۆنێتی بەڕێوەبردنی سووریا و کارنامەکانی حکومەتی راگوزەر پێشکێش کرد. بیرۆکەی زۆر روونیان هەیە، پێموایە بە جێبەجێکردنی کارنامەکان، خزمەت بە سووریاییەکان دەگەیێندرێت. لە پرۆسەی بەڕێوەبردندا پەیامی پاڵپشتیی رەهای سەرۆککۆماری تورکیام لەگەڵ خۆم هێناوە بەوەی هەموو دامەزراوەکانی تورکیا لە هەر کاتێکدا پێویستیان بە هەر جۆرە خزمەتێکی دامەزراوەیی هەبێت، لە سفرەوە ئامادەین.
ئەحمەد شەرع: بەمنزیکانە وەزارەتی بەرگری لە گرووپە چەکدارەکان پێکدەهێنین
ئەحمەد شەرع تیشکی خستە سەر ئەوەش کە لۆژیکی دەوڵەت زۆر جیاوازە لە لۆژیکی شۆڕش. "دەکرێ لە کاتی شۆڕش، گرووپی چەکدار هەبێت، هەرچەندە ئەمەش دیاردەیەکی نەرێنی بوو، بەڵام لۆژیکی دەوڵەت ئەمە قبووڵ ناکات. بەم نزیکانە وەزارەتی بەرگریی لە سەرجەم گرووپە چەکدارەکان پێکدەهێندرێت، پاشان پەیکەربەندی نوێی سوپای سووریا رادەگەیێندرێت. دوای ئەم قۆناخەش، گرووپە چەکدارەکان یەک دوای یەک خۆیان هەڵدەوەشێننەوە."
هاکان فیدان: ترەمپ لەبارەی هەسەدە بڕیاری یەکلاکەرەوە دەدات
وەزیری دەرەوەی تورکیا لە باسی خولی نوێی ترەمپ و چۆنیەتی مامەڵەکردنی تورکیا بۆ چارەسەرکردنی کێشەی هەسەدە لە سووریا، رایگەیاند، ترەمپ ئەمجارەیان بەهێزتر گەڕایەوە، تیمێکی بەهێزتریش پشتیوانی دەکەن کە تەنیا بیر لە بەرژەوەندی ئەمریکا دەکاتەوە و چیدی لەژێر گوشاری ئەوانە نابێت کە بەرژەوەندییان لەگەڵ ئەجیندای دیکە هەبوو. بۆیە "ئەمجارە ترەمپ جیاواز لە جاران بیردەکاتەوە و لەبارەی هەسەدە بڕیاری یەکلاکەرەوە دەدات."
ئەحمەد شەرع: شۆڕش لە دژی کەمینەکان نەکراوە
ئەحمەد شەرع دەڵێ: ئەوە رژێمە (حکومەتی ماڵباتی ئەسەد) لە 50 ساڵی رابردوودا هەڕەشە بووە بۆ سەر کەمینەکان و بەردەوام کێشەی تایفەگەری ناوەتەوە.
"ئێمە ئۆپەراسیۆنێکی زۆر مەزنمان دەستپێکرد و لە پێشڕەوییەکاندا هەمیشە لەلایەن سەرجەم پێکهاتەکانەوە پێشوازییەکی گەرممان لێکراوە. ئێستاش لە سەرجەم هەوڵەکانی تۆڵەسەندنەوە دەیانپارێزین بۆ ئەوەی نەکرێنە ئامرازێکی دووبەرەکیی بەدەست ئەجیندا دەرەکییەکان. سووریا وڵاتی هەمووان دەبێت و پەیوەندیمان لەگەڵ هەمووان هەیە. کار بۆ سڕینەوەی ئاسەواری ئەم رژێمە دەکەین بۆ ئەوەی دەوڵەتێکی نوێ دابمەزرێنین کە شایستەی هەموو سووریاییەکان بێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ