رووداو دیجیتاڵ
هەمان ئەو سەربازانەی شەڕیان بۆ مانەوەی دەکرد، ئێستا بە پێ و پێڵاوەکانیان بەسەر وێنەکەیدا دەڕۆن تا لە دەسەڵاتی نوێی سووریا هەمان ئەرکی پێشوویان پێ بدرێتەوە.
مەحموود دەندەشی، زیاتر لە 30 ساڵ خزمەتی سەربازیی هەیە، بێ کار و نانە، هەژاری تەنگی پێ هەڵچنیوە، چاوی لە لێخۆشبوون و گەڕانەوەیە بۆ سەر کارەکەی پێشووی تاوەکو بتوانێت مووچەی مانگانە کە ناگاتە 30 دۆلار، وەربگرێتەوە.
مەحموود دەڵێت: خوای گەورە کە دەسەڵاتی بەسەر جیهاندا هەیە لێخۆشبوونی بەسەرمان دا سەپاندووە، ئێمە هەموومان مرۆڤین، مرۆڤ هەڵە دەکات، هەڵەکەش لە هەردوولاوە بووە نەک تەنیا یەک لایەن، بۆیە ئێمە هیواخوازین لە دەستەی تەحریری شام و ئەم دەسەڵاتە بە چاوی بەزەییەوە سەیرمان بکات، ئێستا خەڵک دەترسن هەندێکیان دەڵێن گوایە ئەگەر خۆمان رادەست بکەین ئەوا دوای مانگێک دێن دەستگیرت دەکەن.
سەعید حەمادی، سەربازێکی پێشووی سووریایە و دەڵێت، "بەڕاستی ئێمە لە وەهمدا دەژیاین، دەمانەوێت دوای ئەوە ژیانێکی شایستەمان هەبێت، ئێمە هەموومان هەژارین دوای رووخانی ئەسەد هیوامان وایە بتوانین بژین، خواردن و خواردنەوەمان هەبێت".
ئەفسەرو سەربازانی سەردەمی بەشار ئەسەد تەواوی زانیارییەکانیان دەدەنە ئەو ناوەندەی کە دەستەی تەحریر شام و ئیدارەی سەربازی لە شارەکان کردوویاننەتەوە، هەر چەکێکیشیان هەبێت دەبێ رادەستی ناوەندەکانی بکەن.
ئەبو زەهرا، لە ناوەندی خۆڕادستکردنەکەوە بە رووداوی گوت، "هەندێک تاوان هەن دادگە یەکلاییان دەکاتەوە، بەپێی ئەو تاوان و کارەی کردوویەتی، لەوانەیە تاوانی تایبەتی کردبێت یانیش تاوانی گشتی، بۆ ئەمەیان دادگا بەرپرسیارێتی هەیە لەگەڵیان، هەر کەسێک دەستی بە خوێن سوور نەبووبێت، ئەوە هاوڵاتی عەرەبی سوورییە لەکۆتایدا".
ئیدارەی سەربازی لە دیمەشق، حەلەب، حەما، حیمس، تەرتووس و دێرەزوور 10 ناوەندی خۆڕادەستکردنی بۆ ئەو سەرباز و پلەدارانەی سەردەمی بەشار ئەسەد کردووەتەوە، دوای لێکۆڵینەوە لەگەڵیان، ئەوانەی هیچیان لەسەر نییە ناسنامەیەکی کاتییان بۆ دروست دەکەن تاوەکو پارێزراوبن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ