ئۆپۆزیسیۆنی سووریا: رووداوەکانی حەسەکە پاساوێکن بۆ مانەوەی داعش و پەکەکە

27-01-2022
هێمن بابان رەحیم
نیشانەکردن حەسەکە داعش پەکەکە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ئیئتیلافی نیشتیمانی هێزەکانی شۆڕش و ئۆپۆزیسیۆنی سووریا لەبارەی رووداوەکانی گرتووخانەی حەسەکەوە رایگەیاند ئەوەی لەوێ روودەدات "پاساوێکن بەدەستی داعش و  پەکەکە" بۆ مانەوەیان لە سووریا و هۆکارێکیشن بۆ زیاتر ئاوارەبوونی خەڵکی ناوچەکە.
 
ئیئتیلافی نیشتیمانی هێزەکانی شۆڕش و ئۆپۆزیسیۆنی سووریا، رۆژی چوارشەممە 26ی کانوونی دووەمی 2022، راگەیێندراوێکی لەبارەی رووداوەکانی گرتووخانەی حەسەکە بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "پێمانوایە خەڵکی سڤیلی ئێمە لە حەسەکە یەکەم قوربانیی ئەو شەڕانەن کە لەنێوان داعش و پەکەکە روودەدات. ئەو شەڕانە بۆ هەردوو رێکخراوەکە لەلایەک پاساوی مانەوەن و لەلایەکی دیکەشەوە دەبێتە هۆی ئاوارەبوونی زیاتری خەڵک و دانیشتووانی ناوچەکە".
 
هەروەها دەڵێت: "پەیوەندیی نێوان هەردوو رێکخراو پەیوەندیی خزمەتکارییە، سەرباری ئەو شەڕانەی لەنێوانیاندا روودەدات، پەکەکە بەهەموو ناونیشانەکانییەوە لەسووریا پاساو بۆ بوونی خۆی و بوونی بەرگێکی نێودەوڵەتی بۆی لەرێگەی شەڕکردن لەدژی داعش دەستەبەردەکات، کە کردوویەتی بەپاساوێک بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی خۆی بەسەر ناوچەکە و بردنی زۆری سەرچاوەکانی و ئاوارەبوونی خەڵکەکەی و ئەنجامدانی تاوانی جەنگ و رفاندنی منداڵ و بردنیان بۆ سەربازگەکانی راهێنان و بەسەربازکردنی زۆرەملێ یان بردنیان بۆ قەندیل".
 
ئیئتیلافی نیشتیمانی هێزەکانی شۆڕش و ئۆپۆزیسیۆنی سووریا، لەراگەیێندراوەکەیدا داوا لەلایەنە نێودەوڵەتییەکان دەکات بەرپرسیارێتیی پاراستنی خەڵکی سڤیل بگرنە ئەستۆی خۆیان. هەروەها لابردنی ئەو گەمارۆیەی لەلایەن پەکەکەوە خراوەتە سەر هەندێک لە گەڕەکەکانی حەسەکە، هەروەها راگرتنی کردنە ئامانجی هەڕەمەکییانەی خەڵک لەو گەڕەکانە و دووبارە ئاوارەکردنیان و رووخاندنی موڵکەکانیان بەپاساوی راوەدوونانی داعشی تیرۆریست.
 
لەکۆتایی راگەیێندراوەکەیدا ئیئتیلافی نیشتیمانی هێزەکانی شۆڕش و ئۆپۆزیسیۆنی سووریا داوا لە نەتەوەیەکگرتووەکان و خاچی سووری نێودەوڵەتی دەکات پەلە بکەن لە پێشکەشکردنی هەموو شێوازەکانی پشتیوانی و هاوکاری بۆ هاووڵاتیانی سڤیل و ئاوارەکان بەهۆی شەڕەکانەوە.
 
هەروەها دەڵێت: "پێویستە لایەنەکانی مافی مرۆڤ و چاودێری بەشدارییان پێبکرێت لەلێکۆڵینەوە لە پێشێلکارییەکانی دەرهەق بەخەڵکی سڤیل، هەروەها هۆشداری دەدەین لەوەی ئاوارەبوونی بەکۆمەڵ ببێتە ئاوارەکردنی رێکخراو لەلایەن میلیشیاکانەوە".
 
شەوی پێنجشەممە 20ی کانوونی دووەمی 2022، لە رێگەی ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراوەوە هێرشکرایە سەر گرتووخانەیەکی حەسەکە، کە بە گرووخاتەی سناعە یان غوێران ناسراوە و 5000 چەکداری پێشووی داعشی تێدایە.  
هێزەکانی سووریای دیموکرات هێزێکی زۆری لە دەوروبەری گرتووخانەکە بڵاوکردەوە و ژمارەیەک لە ئەندامانی هەسەدە لەوانەی لە گرتووخانەکە بوو لەلایەن چەکدارانی داعشەوە بە بارمتەگیران.
 
هەسەدە رۆژی سێشەممە 25ی کانوونی دووەم رایگەیاند زیاتر لە 550 چەکداری داعش خۆیان رادەستی هێزەکانیان کردووەتەوە و رۆژی چوارشەممەش رایگەیاند ژمارەیەکی دیکەش خۆیان رادەستکردووەتەوە.
 
لە هێرشەکەی گرتووخانەی حەسەکە لە غوێران و رووبەڕووبوونەوە چەکدارییەکاندا لەگەڵ هێزەکانی هەسەدە بەدەیان چەکداری داعش کوژراون کە بەپێی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ زیاتر لە 100 چەکدار دەبن، جگە لە نزیکەی 40 کەس لەهێزەکانی هەسەدە و زیاتر لە حەوت کەسی سڤیل لە نزیک گرتووخانەکە.
 
رۆژی چوارشەممە هێزەکانی سووریای دیموکرات کۆنتڕۆڵکردن و دەستبەسەرداگرتنەوەی تەواوی گرتووخانەکەی راگەیاند.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە