رووداو دیجیتاڵ
میدیای فەرمیی سووریا رایگەیاند، ئیسرائیل هێرشی ئاسمانیی کردە سەر چەند پێگەیەکی سەربازیی نێوەڕاست و باشووری سووریا.
بەگوێرەی میدیای فەرمیی سووریا، هێزەکانی ئاسمانیی سووریا چەند مووشەکێکی ئیسرائیلیان "بە ئاراستەی بەرزاییەکانی گۆلان بەرپەرچدایەوە."
بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، 26-10-2024، دەنگی چەند تەقینەوەیەک لە تارانی پایتەختی ئێران بیسترا. دواتر، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، هێزەکانیان چەند هێرشێکی ورد دەکەنە سەر چەند پێگەیەکی سەربازیی ئێران.
ئیسرائیل رایگەیاند، ئەو هێرشانە لە تۆڵەی هێرشەکەی 1ـی ئۆکتۆبەری ئێرانە بۆ سەر ئیسرائیل، کە نزیکەی 200 مووشەکی بالیستی ئاراستەی خاکی ئیسرائیل کرد.
تاوەکو ئێستا دیار نییە بە دیاریکراوی ئیسرائیل چ پێگەیەکی سەربازی لە چ ناوچەیەک کردووەتە ئامانج، بەڵام میدیای فەرمیی ئێران دەڵێت، کارکردن لە هەردوو فڕۆکەخانەکەی یارامن ئاساییە.
دوای ماوەیەکی کەم لە هێرشەکان، بەرپرسێکی ناونەهێنراوی کۆشکی سپی رایگەیاند: "جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا و کامالا هاریسی جێگری لە رووداوەکە ئاگادارکراونەتەوە و لە نزیکەوە چاودێریی پێشهاتەکان دەکەن."
شۆن ساڤێت، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا لەبارەی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران رایگەیاند: "هێرشە ئامانجدارەکانی سەر پێگە سەربازییەکان بەرگری لەخۆکردن بوو."
ساڤێت هەروەها رایگەیاند: "هێرشەکان لە وەڵامی هێرشەکەی ئێران بوو کە بە مووشەکی بالیستی لە 1ـی ئۆکتۆبەر کردیە سەر ئیسرائیل."
رۆژی 01-10-2024 تاران بە نزیکەی 200 مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر ئێران و رایگەیاند، لە تۆڵەی کوژرانی چەند سەرکردەیەکە لەوانەش؛ ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی پێشووی مەکتەبی سیاسیی حەماسو حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ